وەزارەتی دارایی بۆ وەزارەتی دارایی عێراق: ئایا ئێمە هاووڵاتی عێراقین؟



وەزارەتی دارایی هەرێمی کوردستان ڕایدەگەیەنێت کە وەزارەتی دارایی عێراق بە بڕیارەکانی دادگای فیدراڵییەوە پابەندنەبووە و شایستە داراییەکانی بە تەواوی بۆ هەرێم نەناردووە، ئامادەییش بۆ پێشوازیکردن لە هەر لیژنەیەکی نێودەوڵەتی و عێراقی دەردەبڕێت بۆ بەدواداچوونی ڕاستییەکان.

ئەمڕۆ سێشەممە، وەزارەتی دارایی هەرێمی کوردستان وەڵامی راگەیەندراوەکەی وەزارەتی دارایی عێراق دەداتەوە کە تێیدا باسی لە ناردنی شایستە داراییەکانی مووچەی فەرمانبەران و پابەندنەبوونی هەرێمی کوردستان بە ڕادەستکردنی داهات کردبوو.

لە ڕاگەیەندراوەکەدا هاتووە کە وەزارەتی دارایی عێراق دادگەر نەبووە و سەبارەب بە خەرجکردنی مووچەی فەرمانبەرانی هەرێمیش پابەندنەبووە بە بڕیارەکانی دادگای فیدراڵی و 822 ملیار و 642 ملیۆن و 15 هەزار و 37 دینار کەمتری لە شایستە داراییەکان بۆ هەرێم ناردووە.

وەزارەتی دارایی هەرێم ڕاشیگەیاند کە تا 30ی 11ی 2024، داهات نانەوتی چوار ترلیۆن و 347 ملیار و 484 ملیۆن و 382 هەزار و 654 دینار بووە و لێدوانەکەی وەزارەتی دارایی عێراق ڕەتدەکەینەوە کە دەڵێت داهاتی نانەوتی ڕادەست نەکردووە.

ئەوەشی خستووەتەڕوو کە وەزارەتی دارایی عێراق پابەندنەبووە بە جێبەجێکردنی یاسای یەکگرتووی خانەنشینی و ئەو پارە زیادەیەی خەرجنەکردووە کە دادگای فیدراڵی، سەرۆک وەزیرانی فیدراڵی و هەرێمی بە خەرجکردنی پابەندکردووە و حکومەتی هەرێمیش ئەو زیادەیەی کە مانگانە دەگاتە 55 ملیار دینار، لە داهاتی نانەوتی خەرج کردووە.

وەزارەتی دارایی هەرێمی کوردستان، وەزارەتی دارایی عێراقیشی تۆمەتبارکردووە پێچەوانەی بڕیاری دادگای فیدراڵی، ئاستەنگ و لەمپەڕی لەبەردەم خەرجکردنی شایستە داراییەکانی هەرێمی کوردستان دروست کردووە و لە بڕیارەکەدا هاتوە کە نابێت ناکۆکییەکان ببنە هۆی دابەشنەکردنی مووچەی فەرمانبەران و خانەنشینان و سوودمەندانی چاودێری کۆمەڵایەتی لە کاتی دیاریکراوی خۆیدا.

ڕوونیشیکردەوە کە سەبارەت بە مووچەی مانگی 12ی 2024 داوای  677 ملیار و 121 ملیۆن و 658 هەزار و 862 دیناریان بۆ مووچەی 820 هەزار و 268 مووچەخۆر و خانەنشینی سەربازی و مەدەنی کردووە، بەڵام وەزارەتی دارایی عێراق 264 ملیار و 698 ملیۆن و 348 هەزار و 912 دیناریان بۆ ناردوون و یەک دیناریشیان بۆ خانەنشینانی سەربازی و مەدەنی نەناردووە.

وەزارەتی دارایی ئەوەشی خستووەتەڕوو کە بەۆهی خەرجنەکردنی بودجەی وەبەرهێنان و بەکاربەر لەلایەن وەزارەتی دارایی عێراقەوە، ناچاربوون پەنابەرنە بەر خەرجکردنی داهاتی نانەوتی.

جەختیش دەکاتەوە لەوەی بانگەشەکەی وەزارەتی دارایی فیدراڵی نا ڕاستە کە دەڵێت مانگانە مووچەی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستانی ناردووە و هەندێکجار بە هەشت گوژمە پارەی مانگێکی ناردووە و هەندێکجاریش مووچەی ژمارەیەک وەزارەت و فەرمانگەی بۆ ماوەی پێنج مانگ راگرتووە.

سەبارەت بە بانکیکردنی مووچەی فەرمانبەرانیش، وەزارەتی دارایی هەرێم ڕایگەیاند، پرۆسەی بەبانکیکردن لە ڕێی “هەژماری من”ەوە بەردەوامە، ئەویش لەسەر بنەمای نووسراوێکی دادگای فیدراڵی بۆ سەرۆکایەتی ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان کە تێیدا ڕێ بە “تەوتین” دەدات لە بانکە حکومی و ئەهلییە مۆڵەتپێدراوەکانی بانکی ناوەندیی عێراق و تا ئێستاش نزیکەی 750 هەزار فەرمانبەر تۆمارکراوە و 220 هەزاریان لە ڕێی تەوتینەوە مووچە وەردەگرن.

وەزارەتی دارایی هەرێمی کوردستان لە کۆتایی ڕاگەیەندراوەکەیدا دەڵێت: “وەزارەتەکەمان ئامادەیە بۆ پێشوازیکردن لە هەر لیژنەیەکی نێودەوڵەتی یان عێراقی بۆ بەدواداچوونی ڕاستییەکان و دەرگاکانیشمان کراوەن، وەک چۆن لەبەردەوام شاندی هاوبەشی دیوانی چاودێری دارایی فیدراڵی و یوانی چاودێریی دارایی هەرێمی کوردستاندا کراوەبوون”.

دوای ئەو ڕوونکردنەوانەش وەزارەتی دارایی هەرێم لە وەزارەتی دارایی عێراق دەپرسێت: “ئایا ئێستا ئێمە هاووڵاتی عێراقیین؟”.

بۆچی تورکیا دەیەوێ بەنداوی تشرین بگرێت؟
پێت بۆچی تورکیا دەیەوێ بەنداوی تشرین بگرێت؟
سەعدی پیرە: لەگەڵ پارتیدا باس لە دابەشکردنی پۆستەکان دەکەین
دوات سەعدی پیرە: لەگەڵ پارتیدا باس لە دابەشکردنی پۆستەکان دەکەین
پەیوەنیدر