وەزارەتی دارایی و ئابووریی حكوومەتی هەرێمی كوردستان، بۆ چۆنیەتیی خانەنشینكردنی پێشمەرگایەتی، بڕیاری تازە دەردەكات و لە كاتی خانەنشینكردنیدا، پلەیەكی بەرزتر دەدرێتە پێشمەرگە.
بەپێی نووسراوێكی وەزارەتی دارایی و ئابووریی حكوومەتی هەرێمی كوردستان، وەزارەتی دارایی لەسەر داوای ئەنجوومەنی وەزیران، بۆ بەرژەوەندیی پێشمەرگە، ڕێنماییەكی هەموار كردووەتەوە.
بەپێی نووسراوەکە كە ڕێنمایی دارایی ژمارە 7ی ساڵی 2024ە، تیایدا هاتووە: “بە پشتبەستن بە مادە 46 لە یاسای 38ی خزمەت و خانەنشینیی پێشمەرگە، ئەگەر پێشمەرگە دوای دوو ساڵ لە رێكەوتی شایستەبوونی بۆ پلەبەرزكردنەوە پلەی بەرز نەكرایەوە، ئەوا خانەنشین دەكرێت بە پلەیەكی بەرزتر لە پلەكەی خۆی”.
بەپێی نووسراوەكە، ئەو ڕێنماییە، ڕێنماییەكی ساڵی 2012ی هەموار كردووەتەوە كە پێشتر چوار ساڵ بوو بۆ رێكکەوتی شایستەبوون، بەڵام ئێستا بۆ دوو ساڵ كەم كراوەتەوە.
سەرچاوەیەكی ئاگادار لە بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی خانەنشینیی پێشمەرگە بە میدیای پارتی ڕاگەیاند: “مادەی 46 لە یاسای ژمارە 38ی ساڵی2007دا هاتووە، بەپێی ئەم مادەیە، سوود لە یاسای ژمارە 3ی ساڵی 2010ی یاسای خزمت و خانەنشینیی سەربازیی عێراقی وەردەگیرێت و ڕێنماییەكەی دارایی لە بەرژەوەندیی پێشمەرگە كراوە”.
سەرچاوەكە باسی لەوەشکرد: “ئەگەر پێشمەرگەیەك كاتی خانەنشینبوونی هات و پلەكەشی بەهۆی نەبوونی میلاك بەرز نەكرابووەوە، یان پلەبەرزكردنەوەی راگیرابوو، ئەوە لە كاتی خانەنشینبوونی بە پلەیەكی بەرزتر خانەنشین دەكرێت، لەو كاتەشدا مووچەكەی بۆ خانەنشینی زیاد دەكات”.