بەڕێوەبەری گشتی بازرگانی لە وەزارەتی بازرگانی و پیشەسازی هەرێمی کوردستان ڕایگەیاند، بەشەخۆراکی مانگانە لە ساڵی نوێشدا بەردەوام دەبێت و لە سەرەتای هەفتەی داهاتووش یەکەم بەشە ئاردی ئەمساڵ دابەشی سەر هاووڵاتییان دەکرێت.
نەوزاد شێخ کامیل، بەڕێوەبەری گشتی بارزگانی و پیشەسازی هەرێمی کوردستان بە “تۆڕی میدیایی خەڵک”ی ڕاگەیاند: لە کۆگاکانی عێراق برنجی بەشەخۆراکی دوو مانگ زیاتر هەیە و لە ئێستادا سەبەتەی خۆراکی دەیەمی ساڵی ڕابردوو دابەش دەکرێت.
باسی لەوەشکرد: دەستکراوە بە دابەشکردنی یەکەم بەشە ئاردی ئەمساڵ و لەم هەفتەیە هەوڵ دەدرێت بگاتە دەستی بریکارەکان، بۆ ئەوەی سەرەتای هەفتەی داهاتوو بەسەر هاووڵاتییان دابەش بکرێت.
لە بارەی پسووڵەی خۆراکەوە وتی: لە شارەکانی ناوەڕاستی عێراق دەستکراوە بە درستکردنی پسووڵەی خۆراکی ئەلیکترۆنی، لە قۆناغی دووەمیشدا چەند ناوچەیەکی دیکەیان دیاریکردووە بۆ ئەوەی دەست بە درستکردنی پسووڵە ئەلیکترۆنییەکە بکرێت، یەکێک لە شارەکان هەولێرە.