حەمید دەربەندی، نوێنەری مەسعود بارزانی، سەرۆكی پارتی دیموكراتی كوردستان سەردانی ڕۆژئاوای کوردستانی کردووە و بڕیارە لەگەڵ مەزڵوم عەبدی، فەرماندەی گشتی هێزەكانی سووریای دیموكرات “هەسەدە” و ئەنجوومەنی نیشتمانی سوریا “ئەنەكەسە” کۆببێتەوە.
ئاژانسی (بغداد الیوم) لە زاری سەرچاوەیەكەوە بڵاویكردەوە، نوێنەری مەسعود بارزانی گەیشتۆتە سووریا، كە حەمید دەربەندی-یە، كە بەرپرسی دۆسیەی كوردە لە سووریا لەناو پارتی دیموكراتی كوردستان و بڕیارە چەند كۆبوونەوەیەك ئەنجام بدات.
ئاماژەی بەوەشكردووە، لەو سەردانەدا، نوێنەرەكەی بارزانی لەگەڵ مەزڵوم عەبدی، فەرماندەی هەسەدە و ئەنەكەسە كۆدەبێتەوە بە مەبەستی ئەگەرەكانی سەردانی دیمەشق و كۆبوونەوە لەگەڵ نوێنەرانی ئیدارەی نوێی سووریا.
ئاشكراشی كردووە، مەبەست لە سەردانەكە تایبەتە بە گفتوگۆكانی نێوان كورد و بەشداری لە حكومەتی نوێ و هەروەها گفتوگۆ لەنێوان توركیا و كوردی سووریا.
لای خۆشیەوە، میدیای پارتی بڵاویكردەوە، نوێنەرەكەی بارزانی لە شاری حەسەکە لەگەڵ مەزڵوم كۆبانێ، فەرماندەی گشتیی هەسەدە کۆدەبێتەوە و دواتر لە شاری قامیشلۆ لەگەڵ ئەنجومەنی نیشتمانیی کورد لە سوریا (ئەنەکەسە) کۆدەبێتەوە.
ئەمە لەكاتێكدایە، كە لە ڕۆژانی ڕابردوودا بارەگای بارزانی بڵاویكردەوە، مەسعود بارزانی پاڵپشتی دۆسیەی گەلی كورد لە سوریا دەكات لەگەڵ جەختكردنەوە لە یەكڕیزی و یەكهەڵوێستی لەنێوان لایەنە كوردییەكان و لەبەرچاوكردنی بەرژەوەندی گەلی كورد لە سووریا و رتنەبەری ڕێگای گفتوگۆ و ئاشتی بۆ چارەسەركردنی ناكۆكییەكان.