پاراستنی سەروەری عێراق پەیوەستە بە هەڵوەشاندنەوەی حەشدی شەعبی



شرۆڤەکاری سیاسی، دکتۆر کرمانج یونس عوسمان پێی وایە، ئەگەر گرووپەکانی سەربە حەشدی شەعبی ھەڵبوەشێندرێنەوە یان دووبارە لەناو سوپای عێراق ڕێکبخرێنەوە و دووریانبخەنەوە لە پڕۆسەی سیاسی و دۆخی ھەرێمیی بە ئاراستەیەکی باش بڕوات، ئەوا عێراق بەرەو وڵاتێکی مەدەنی و خاوەن سەروەریی زیاتر ھەنگاو دەنێت و زیاتر سەقامگیر دەبێت، بەتایبەتی لە ڕووی ئابووریی و بوژانەوەوە.

دوای ئەوەی ڕێکخراوی تیرۆریستیی داعش لە ساڵی ٢٠١٤دا، زۆربەی شار و شارۆچکەکانی باکوور و ڕۆژئاوای عێراقی داگیرکرد بە تایبەتیش شاری مووسڵ سەنتەری پارێزگای نەینەوا، دواتر بە فەتوایەک لەلایەن مەرجەعی باڵای شیعەکان، ئایەتوڵڵا عەلی سیستانی لە ١٣ی حوزەیرانی ٢٠١٤دا، بە ئامانجی رووبەڕووبوونەوەی رێکخراوە تیرۆریستییەکە و کۆنترۆڵکردنەوەی ناوچە داگیرکراوەکان، بەشی زۆری گرووپە چەکدارەکانی شیعەی لە چوارچێوەی ھێزێک بە ناوی حەشدی شەعبی کۆکردەوە.

حەشدی شەعبی لە هاوپەیمانیی ٦٠ گرووپی چەکداری شیعە لە عێراق بە ئامانجی ڕووبەڕووبوونەوەی ڕێکخراوی تیرۆریستی داعش دامەزراوە و لە ساڵی ٢٠١٦دا لەلایەن ئەنجوومەنی نوێنەرانەوە بە یاسایی کرا و بووە بەشێک لە دامەزراوەی ئاسایش و بەرگریی عێراق و لە ئێستادا ژمارەی چەکدارانی گرووپەکانی سەر بە حەشدی شەعبی بە زیاتر لە ١٥٠ هەزار چەکدار مەزەندە دەکرێت.

ساڵانێکی زۆرە حەشدی شەعبی کاریگەریی لەسەر جومگەکانی ناوەندی بڕیار لە عێراق ھەیە و بووەتە خاوەن ھەژموون و دەسەڵاتێکی زۆر لە ڕووی چەکداریی و سیاسییدا. لەماوەی ڕابردووشدا بەشێک لەو گرووپانە بە ئاشکرا چالاکییەکانییان بۆسەر ھاوپەیمانان، ھێزەکانی ئەمریکا لە فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتی ھەولێر و بنکەی ھەریر ئەنجامدا و بەشێک لە دیمەنی چالاکییەکانییانیشیان لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکانی خۆیاندا بڵاودەکردەوە و ئەمەش کاردانەوەی هاوپەیمانان و بە تایبەت ئەمریکای لێکەوتەوە و چەند کردەیەک لەلایەن ئەمریکاوە دژی ئەم گرووپانە ئەنجامدرا و، هەفتەی ڕابردووش سەرۆکی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق، مەحمود مەشھەدانی لەمیانی چاوپێکەوتنێکی ڕۆژنامەوانییدا ئاشکرای کرد کە سەرۆکی ھەڵبژێردراوی ئەمریکا دۆناڵد تڕەمپ بە سەرۆکوەزیرانی عێراق، محەمەد شیاع سوودانیی ڕاگەیاندووە کە دەبێت “چەک تەنیا لە دەستی دەوڵەتدا بێت نەک گرووپە چەکدارەکان”.

شرۆڤەکاری سیاسی، کرمانج یونس عوسمان، سەبارەت بەو پەیامە گوتی: “دوای ئازاکردنی شاری مووسڵ و ڕاگەیاندنی سەرکەوتن بەسەر داعشدا، عێراق کەوتە قۆناغی دوای شەڕەوە، دەنگۆی ئەوە ھاتە ئاراوە کە چارەنووسی گرووپە چەکدارە شیعەکان لە عێراق چی بەسەردا دێت، ھەر بۆیە محەمەد شیاع سوودانی دوای دەستبەکاربوونی وەک سەرۆکوەزیرانی عێراق ھەوڵی ئەوەی دا کە بتوانێت لە قۆناغی یەکەمدا، ئەو گرووپانە لەچوارچێوەی وەزارەتی بەرگریی ڕێکبخاتەوە، بۆ ئەوەی بتواندرێت چالاکییەکانی ئەو ھێزانە سنووردار بکرێت، بۆ ئەوەی نەبنە مەترسی بۆ سەر تێکدانی سەقامگیری و پرۆسەی سیاسی لە عێراق و دەستیش لە کاروباری حکومەتدا وەرنەدەن.

دکتۆر کرمانج یونس باسی لەوەش کرد کە، ئەو گرووپە چەکدارانەی لە عێراق کە پێیان دەڵێن (گرووپی لە یاسا دەرچوو)، چەندین جار کێشەیان بۆ ھەرێمیش دروست کردووە و گوتی: “ئەو گرووپانە ھەر بەوە نەوەستاون، بەو پێیەی دەستیان لە شەڕی غەززە و ئیسرائیلیش وەردا، بۆیە تا چوار ساڵی داھاتوو، بە تایبەتیش دوای دەستبەکاربوونی دۆناڵد ترەمپ لە پۆستی سەرۆکی ئەمریکا، دەبێت پرسی گرووپە چەکدارە شیعەکان لە عێراق یەکلایی بکرێتەوە، بەلایەنی یەکەم دەبێت ئەو گرووپانە لە چوارچێوەی سوپای عێراق ڕێکبخرێنەوە و کۆنترۆڵ بکرێن، یان ئەوەتا لێیان دەدرێت، چونکە دوایی دەبنە مەترسی بۆ سەر ناوچەکە، بۆیە پێشبینی ئەوە دەکەین ئەگەر لە داھاتوودا، ئەو گرووپانە ھەڵنەوەشێنەوە، ئەوا بە باشی کۆنترۆڵ دەکرێن و لەژێر فەرمانەکانی حکومەتی عێراقدا دەبن”.

ڕۆژی ٦ی ئەم مانگە لە میدیاکاندا، دەنگۆی ئەوە بڵاوکرابوویەوە کە فەرماندەی فەیلەقی قودسی سەربە سوپای پاسدارانی ئێران، ئیسماعیل قائانی سەردانی بەغدای کردووە و لە میاندا لەگەڵ فەرماندە باڵاکانی گرووپە چەکدارەکانی نزیک لە ئێران کۆبووەوەتەوە.

بەپێی زانیارییەکان لە کۆبوونەوەکەدا، ئیسماعیل قائانی ڕایگەیاندووە کە ئێران تێبینی لەسەر ھیچ بڕیارێکی حکومەتی عێراق نییە ئەگەر لەبارەی گرووپە چەکدارەکانەوە بدرێت و تەنانەت داواشی لە فەرماندە باڵاکانی گرووپە چەکدارە شیعەکانی عێراق نزیک لە ئێران کردووە کە پابەندبن بە بڕیارەکانی حکومەتی عێراق.

ھاوکات ڕۆژی ٨ی ئەم مانگە سەرۆکوەزیرانی عێراق، محەمەد شیاع سوودانی لە میانی سەردانەکەی بۆ تاران لەگەڵ ڕابەری ئێران، عەلی خامنەیی کۆبووەوە.

بەپێی زانیارییەکان لە میانی کۆبوونەوەکەدا، عەلی خامنەیی داوای لە محەمەد شیاع سوودانی کردووە کە گرنگی بە پاراستنی حەشدی شەعبی بدات، چونکە پاراستنی حەشدی شەعبی، واتای پاراستنی ئاسایش و سەقامگیری عێراقە.

لەوبارەیەوە کرمانج یونس عوسمان گوتی: “لەم قۆناغەدا، ئەگەر ئێران بیەوێت ھەر نامەیەک بۆ ئەمریکا بنێرێت ئەوە لە ڕێگای عێراقەوە ئەنجامی دەدات و بەپێچەوانەوەشەوە ئەمریکا لەڕێگای عێراقەوە نامەکانی بۆ ئێران دەنێرێت، بۆیە ئەو نامەیەی کە دۆناڵد ترەمپ لە ڕێگای نێردەی تایبەتی خۆیەوە ئاراستەی حکومەتی عێراقی کردووە، ئەوا پەیوەندی بە ئێرانەوە ھەبووە و ئەوەی ئیسماعیل قائانی لەگەڵ حکومەتی عێراق باسی کردووە، پەیوەندی بە ئەمریکاوە ھەیە، بۆیە لەم قۆناغەدا عێراق دەیەوێت ڕۆڵی نێوەندگیری بگێرێت، هەروەها عێراق دەیەوێت لە گرووپە چەکدارە لە یاسا دەرچووەکان خۆی دوور بخاتەوە، ئێستا عێراق کەوتووەتە قۆناغێکەوە کە ھەوڵدەدات پارێزگاری لە خۆی بخات، بەتایبەتیش لە نۆ مانگی داھاتوودا ھەڵبژاردنی ئەنجوومەنی نوێنەران ئەنجام دەدرێت، بۆیە ئەگەر ھەر کێشەیەک لە عێراق سەرھەڵبدات، ئەوا کاریگەریی لەسەر پڕۆسەی ھەڵبژاردن دەبێت”.

ئەو شرۆڤەکارە سیاسییە پێی وایە ئەگەر گرووپە چەکدارە شیعەکانی عێراق نزیک لە ئێران، وەکو ماوەکانی ڕابردوو بەردەوامبن لە ھەڕەشەکردن بۆ سەر بەرژەوەندییەکانی ئیسرائیل و ئەمریکا لە ناوچەکە، ئەوا لە بەرامبەردا ئیسرائیل و ئەمریکا پەنا بۆ بژاردەی سەربازیی دەبن، ئەوەش وەک بەشێک لە ستراتژیی خۆپارێزیی، چونکە لە یاسای نێودەوڵەتییدا بەکارھێنانی ھێزی سەربازیی بۆ بەرگرییکردن، ڕێگا پێدراوە و پێشتریش ئەوە ڕوویداوە و گوتی: “ئەگەر گرووپە چەکدارە شیعەکانی عێراق نزیک لە ئێران، بەردەوامبن لە ھەڕەشەکردن بۆ سەر بەرژەوەندییەکانی ئیسرائیل و ئەمریکا لە ناوچەکە، بەدڵنیاییەوە ئەوا لەلایەن ئیسرائیل و ئەمریکا بە ڕێگای سەربازییەوە وەڵام دەدرێنەوە و ھێرشیان دەکرێتە سەر، ئەگەری ھەیە ژمارەیەک لە فەرماندەکانی ئەو گرووپە چەکدارانە لە عێراق بکرێنە ئامانج”.

دکتۆر کرمانج یونس لەبارەی ھەڵوەشاندنەوەی حەشدی شەعبی و دواتر چارەنووسی عێراق و محەمەد شیاع سوودانییەوە گوتی: “ئەگەر گرووپەکانی سەربە حەشدی شەعبی ھەڵبوەشێندرێنەوە یان دووبارە لەناو سوپای عێراق ڕێکبخرێنەوە و دووریانخستنەوە لە پڕۆسەی سیاسی، هەروەها دۆخی ھەرێمیی بە ئاراستەیەکی باش بڕوات، ئەوا عێراق بەرەو وڵاتێکی مەدەنی و خاوەن سەروەریی زیاتر ھەنگاو دەنێت و زیاتر سەقامگیر دەبێت، بەتایبەتی لە ڕووی ئابووریی و بوژانەوەوە”.

هاوکات پسپۆڕێکی پەیوەندییە نێودەوڵەتییەکان پێی وایە بەهۆی ئەوەی عێراق لە ڕووی جیۆپۆلەتیکەوە گرنگییەکی تایبەتی هەیە، بۆیەش لەلایەن ئەمریکا و ئێران فشاری جیاوازی لەسەرە و ئەمەش بە کردەیەکی نامۆ دەبینێت سەبارەت بە سەروەریی عێراق.

پسپۆڕی پەیوەندییە نێودەوڵەتییەکان دکتۆر سەرسام خەلیل لەبارەی فشارە جیاوازەکانی ئەمریکا و ئێران بۆ سەر عێراق بەتایبەت لە بابەتی پرسی حەشدی شەعبی، گوتی: “عێراق یەکێکە لەو وڵاتانەی لە ڕووی جیۆپۆلەتیکەوە گرنگە، هەروەها عێراق بەرامبەر وڵاتانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست گرنگییەکی زۆری هەیە بەهۆی جیۆ سیاسیی و جیۆ ئیکۆنۆمییەوە یەکێکە لەو وڵاتانەی لە گۆڕەپانی سیاسییدا گرنگیی پێ دەدرێت”.

دکتۆر سەرسام خەلیل گوتیشی: “بە ڕوونی دیارە کە حەشدی شەعبی بە گوتارێک دروست بووە بەڵام ئەو واقعەی کە ئەوکات حەشدی شەعبی بۆی دروست بوو لەگەڵ واقعی ئێستا زۆر جیاوازە، چونکە گۆڕانکارییەکی هەرێمیی ڕوویداوە، هەم لە کۆتاییهاتنی تیرۆریستانی داعش، هەم لە دۆخی ئێستای سووریا، بەڵام خاڵی هەرە گرنگ ئەوەیە کە حەشدی شەعبی چۆن کۆتایی پێ دێت، دەتوانین بڵێین ئەمە بابەتێکی نێودەوڵەتییە و کاریگەری دەبێت لەسەر ناوخۆی عێراق بە تایبەتی دوای ئەم گۆڕانکارییانەی ئەم دواییە وەک شەڕی غەززە و دۆخی سووریا و کەمکردنەوەی هەیمەنەی ئێران لە ناوچەکەدا”.

لەبارەی چۆنیەتی و شێوازی لاوازکردنی حەشدی شەعبی، دکتۆر سەرسام خەلیل دەڵێت: “بێگومان ئەگەر حەشدی شەعبی بە هەنگاو لاواز بکرێت، ئەوا یەکەم هەنگاو بریتییە لە کەمکردنەوەی تەمویل و سەرچاوە داراییەکان، هەرچەندە لە ڕووی سەروەرییەوە شتێکی نامۆیە کە لە یەک کاتدا فشاری ئەمریکا و هەروەها فشاری ئێرانیش لەسەر عێراق هەیە، بۆیەش عێراق کەوتووەتە نێوان بەرداشێکی ئەمریکا و بەرداشێکی ئێران، ئەمەش کاریگەری دەبێت لەسەر ئایندەی سیاسەتی عێراق و حکومەتی عێراق”.

دکتۆر سەرسام خەلیل گوتیشی: “مەرجەع لەلای شیعەکان زۆر گرنگە و کاریگەریی بەسەر سیاسەتی ناوخۆ و دەرەوەی ئێران دەبێت، بێگومان گوتاری مەرجەعی باڵای ئێران بەرامبەر بە حکومەتی عێراق و سەرۆکوەزیران بۆ ئەوەیە کە پارێزگاری لە بەرژەوەندییەکانی خۆی بکات لە سنوورەکانی دەرەوەی ئێران، چونکە دەزانین ئێران لە لوبنان، سووریا و یەمەن بەرەو لاوازی دەچێت و دەیەوێت ئەو دەستەی کە پێشتر هەیبوو وەکو هیلالی شیعی سەرنجەکە و بناغەکەی لە عێراق بممێنێت وەکو مەرکەزێک”.

سەرۆکی هەڵبژێردراوی ئەمریکا دۆناڵد ترەمپ بڕیارە لە ٢٠ی ئەم مانگە دەستبەکاربێت و لەبارەی هەنگاوەکانی داهاتووشی، دکتۆر سەرسام خەلیل گوتی: “ئەو پلانەی هەیە کە ترەمپ لەگەڵ دەستبەکاربوونییدا، یەکەم هەنگاو کە دەیهاوێژێت ئەوەیە شەڕی نێوان ڕووسیا و ئۆکرانیا بە هێواشی بەرەو کۆتاییهێنان بچێت، بێگومان ئەمەش کاریگەری دەبێت لەسەر بابەتە سیاسییەکان و سەربازییەکان بە تایبەتی لە بابەتێکی وەکو دۆسیەی ئەتۆمی کە دەیانەوێت زیاتر بەرەو ڕێککەوتن بڕۆن، لە هەمووشیان گرنگتر ئاسایشی نیشتمانی ئەمریکایە و ترەمپ زیاتر گرنگی بە بابەتە ئابوورییەکان دەدات”.

لە بارەی چۆنیەتی شێوازی هەڵوەشانەوەی گرووپەکانی سەر بە حەشدی شەعبی، دکتۆر سەرسام خەلیل دەڵێت: “عێراق وڵاتێکی بەهێزە لە ڕووی دەرامەتە سرووشتییەکانەوە بەڵام بیرۆکەکە ئەوەیە کە ئەو گرووپە چەکدارانەی لە دەرەوەی یاسان، هەڕەشەن لەسەر وڵاتان، بێگومان ئەوەی لە لوبنان و سووریا ڕوویدا ئەگەر بە هەمان سیناریۆش نەبیت بەڵام کاریگەری دەبێت لەسەر ئایندەی عێراق لە گۆڕەپانی نێودەوڵەتییدا دەبێت، ئەگەر بەرژەوەندییەکانی ئێران لە ناوچەکە بە تایبەتی لە عێراق کەم نەکرێتەوە و ئەوانەیشی کە لە دەرەوەی یاسان (گرووپە چەکدارەکان) مەترسیان لەسەر وڵاتان هەبێت بەتایبەتی وڵاتێکی وەک ئیسرائیل ئەوا بێگومان ئەگەر بەشێوەیەکی یاسایی یان سەربازیی بێت ئەم ترسە کەم دەکەنەوە”.

ئەو پسپۆڕەی بواری پەیوەندییە نێودەوڵەتییەکان ئاماژە بەوە دەکات کە ئێران و ئەمریکا فشارێکی زۆریان خستووەتە سەر عێراق گوتی: “ئەوەی ئێمە خوێندنەوەی بۆ دەکەین سوودانی دەیەوێت لە ڕێگای هاوکێشەیەکی هاوسەنگەوە هەردوولا لەخۆی ڕازی بکات، لە کۆتاییدا ئەگەر فشاری ئێران کەم نەکرێتەوە، ئەوا پێشبینی دەکەم ناتوانێت بەرگەی ئەم فشارانە بگرێت و لە کۆتاییدا سوودانی هەوڵدەدات بە جووڵانەوە دیپلۆماسییەکانی کێشەکە چارەسەر بکات چونکە وەک دەزانین پاڵپشتییەکی بەهێزی پەرلەمانیی نیە، ئەگەر پارتە شیعەکان پاڵپشتی نەکەن لەوانەیە متمانەی پەرلەمانیی لەدەست بدات و هەروەها هەڵبژاردنێکی پێشوەختە بکرێت و ئەوانە هەموو پێشبینیکراون”.

رەشنووسی کۆتایی ڕێککەوتنی ئاگربەست ڕادەستی ئیسرائیل و حەماس کرا
پێت رەشنووسی کۆتایی ڕێککەوتنی ئاگربەست ڕادەستی ئیسرائیل و حەماس کرا
“نیورالینک” لە مێشکی نەخۆشێکی دیکەشدا جێگیرکرا
دوات “نیورالینک” لە مێشکی نەخۆشێکی دیکەشدا جێگیرکرا
پەیوەنیدر