سەرچاوەیەکی ئاگادار لە دانوستانەکان، بە ئاژانسی رۆیتەرزی راگەیاندووە، قەتەر رەشنووسی کۆتایی رێککەوتنی ئاگربەست و ئازادکردنی بارمتەکانی رادەستی حەماس و ئیسرائیل کردووە کە ئامانج لێی کۆتاییهێنانە بە شەڕی غەززە.
ئەو سەرچاوەیە بە ئاژانسی رۆیتەرزی وتوە، دوای دانووستانەکانی نێوان سەرکردەکانی هەواڵگری ئیسرائیل و ستیڤ ویتکۆف، نوێنەری دۆناڵد ترەمپ لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و شێخ محەمەد بن عەبدولڕەحمان بن جاسم ئال سانی، سەرۆک وەزیرانی قەتەر، پێشکەوتنێک لە دۆحە گەیشتە ئەنجام.
لە لایەکی دیکەوە ماڵپەری بەغداد ئەلیەوم لە زاری چەند سەرچاوەیەک ڕایگەیاندووە، ئاگربەستی نێوان حەماس و ئیسرائیل دوو قۆناغ لە خۆدەگرێت و هەرکام لە قۆناغەکان 42 ڕۆژ دەخایەنێت.
بە گوێرەی زانیارییەکان، بڕیارە لە قۆناغی یەکەمدا ئۆپراسیۆنە سەربازییەکان لە نێوان حەماس و ئیسرائیل بە شێوازی کاتی رابگیرێت، هەر لەو قۆناغەدا هێزەکانی ئیسرائیل بەرەو ڕۆژهەڵات و دوور لە ناوچەی چڕی دانیشتووان بەرەو ناوچەکانی تەنیشت سنوور پاشەکشە دەکەن.
هەروەها لە قۆاناغی یەکەمدا ئۆپراسیۆنە ئاسمانییەکانی ئیسرائیل بۆ 10 بۆ 12 کاتژمێری ڕۆژانە سنووردار دەکرێت و ئاوارەکان دەگەرێنرێنەوە سەر شوێنی نیشتەجێبونیان.
هاوکات، لەو قۆناغەدا بارمتە مەدەنییەکانی ئیسرائیل ئازاد دەکرێن و هاوکات ئیسرائیل لە بەرامبەر ئازادکردنی هەر بارمتەیەک لە لایەن حەماس 30 زیندانی فەلەستینی ئازاد دەکات.
لە قۆناغی دووەمی ئاگربەستەکە پرسی ڕاگرتنی هەتاهەتایی جەنگ و ئاڵۆگوری سەرجەم بارمتە ئیسرائیلییەکان جێبەجێ دەکرێت، هەر لەو قۆناغەدا پرسی ئاوەدانکردنەوەی غەززە لە ماوەی سێ بۆ پینج ساڵدا هاتووە.