تەرمی دوو لەو كۆچبەرانەی كە مانگی 11ی ساڵی ڕابردوو لە دوورگەی ماندیلوە خنكان دەگەڕێتەوە فرۆكەخانەی نێودەوڵەتی هەولێر و ڕادەستی كەس و كارەكەی دەكرێتەوە، كە یەكێكیان دانیشتوی قەڵادزێ و ئەوەی دیكەیان پیرەمەگروونە و چارەنوسی دوانی دیكەیان تا ئێستا نادیارە.
بەپێی زانیارییەكانی (خەڵك) سبەی یەكشەممە 15ی 1ی 2023 كاتژمێر 5ی ئێوارە تەرمی هەریەك لە (زانا قادر فەقێ ڕەسوڵ، تەمەن 41 ساڵ/ دانشتووی پیرەمەگرون و زریان محەمەد ئەمین عەلی، تەمەن30 ساڵ/دانیشتووی قەڵادزێ) دەگەڕێنەوە فرۆكەخانەی نێودەوڵەتی هەولێر.
ئەمە لەكاتێكدایە، ڕۆژی 1ی 11ی 2022 بەهۆی وەرگەڕانی یەختەكەیان، 70 كۆچبەری لە دوورگەی ماندیلوەی نێوان دوورگەی ئێڤیا evia و ئەندرۆس Andros لەئاوەكانی وڵاتی یۆنان ژێر ئاو كەوتن و تەنها 12 كۆچبەر ڕزگاركران و 58 كۆچبەری دیكەش بێ سەر و شوێنبوون چواریان هاووڵاتی هەرێمی كوردستان بوون لە(هەولێر، پیرەمەگرون، رانیە، قەڵادزێ).
هاوكات، تا ئێستا چارەنوسی ئەو دوو كۆچبەرەی دیكەی هەرێمی كوردستان بە ناوەكانی (عەبدولرەحمان حەمید فەقێ موسا تەمەن ٨ ساڵ/ دانیشتووی رانیە و یوسف سەمیع كانبی تەمەن ۱۹ ساڵ / دانیشتووی هەولێر) بێ سەرو شوێنن.