حکومەتی هەرێمی کوردستان لە بارەی دەرهێنانی نەوت و مامەڵەکردنی بەغداد لەگەڵ ئەو پرسەوە ڕاگەیەندراوێکی بڵاوکردەوە و ڕایگەیاند، حکومەتی فیدراڵ تاک لایەنە گرێبەستی نەوت لە ناوچەکانی مادەی 140 واژۆ دەکات.
بەپێی ڕاگەیەندراوی حکومەتی هەرێم کە درەنگانێکی شەوی ڕابردوو بڵاویکردەوە تیایدا هاتووە: بەپێی مادەی 140 دەستووری عێراقی فیدڕال بۆ ساڵی 2005، دەبێت پرۆسەی ڕیفڕاندۆم لە کەرکووک و ناوچە جێناکۆکەکان ئەنجام بدرێت و حکومەتی فیدڕاڵی پابەند کراوە پێش 31ی کانوونی یەکەمی 2007 ئەو پرۆسەیە جێبەجێ بکات.
باسی لەوەشکردووە: چ پێش ئەم ڕێکەوتە، چ لەو بیست ساڵەی ڕابردوودا، سەرجەم حکومەتە یەک لە دوای یەکەکانی عێراق لە ئەنجامدانی پڕۆسەی ڕیفڕاندۆم بە تەواوی شکستیان هێناوە.
دەشڵێت: “ئێستا حکومەتی عێراق ئامادەکاری دەکات بە شێوەیەکی تاکلایانە، نەوت و گازی ئەم ناوچانە ببات، لە کاتێکدا خەڵکی کوردستان و لە چوارچێوەی مادەی 140، داواکاری ڕەوای ئەم ناوچانە دەکات”.
ئەوەشی وتووە: بەپێی هەردوو مادەی 110 و 115 ی دەستووری عێراق بۆ ساڵی 2005، مافی ڕەها و تاکلایانە بە حکومەتی هەرێمی کوردستان دەدات کێڵگە نەوت و گازە تازە دۆزراوەکان بەڕێوەببات.
حکومەتی هەرێم ئەوەش دەڵێت: مادەی 112، ئاماژە دەدات حکومەتی فیدڕاڵی و حکومەتی هەرێم کێڵگەی نەوت و گازە پێشوو دۆزراوەکان (کۆنەکان) بە هاوبەشی بەڕێوەببەن، وەک ئەوانەی لە کەرکووک و لە ناوچەکانی دەوروبەری هەن.
ئاماژەشی بەوەداوە: بەغدا پابەند کراوە لەگەڵ هەرێم سەبارەت بە دابەشکردنی داهاتی ئەو کێڵگە پێشوو دۆزراوەکان (کۆنەکان) ڕێکبکەوێت.
بەپێی ڕاگەیەندراوەکە، حکومەتی هەرێم بەردەوام ئامادە بووە بەشداربێت بۆ ئەم ڕێککەوتنانە بەڵام حکومەتی فیدڕاڵی بە بەردەوامی لە بەرپرسیاریەتییە دەستووریيەکانی خۆی دزیوەتەوە.
دەشڵێت: ئێستا حکومەتی فیدڕاڵی لە هەوڵی ئەوەدایە گرێبەستی نەوت و گاز واژۆ بکات، بەبێ ئەوەی مادەکانی دەستوور بە گشتی و بە تایبەت هەردوو مادەی 140 و 112، لەبەرچاو بگرێت.
دواجار باسی لەوەشکردووە: حکومەتی هەرێم بە مافی دەستووريی خۆی دەزانێت، بە هەموو ڕێکارە جیاوازەکان کە دەستەبەر بێت، بەرگری لە مافە دەستوورییەکانی بکات و کار لەسەر جێبەجێکردنی یاساکان دەکات بۆ پاراستنی مافە دەستوریيەکانی خەڵکی کوردستان و کەرکووک.