چاودێری کۆمەڵایەتی عێراق هاوکاری سێ مانگی خوێندکارانی ڕاگەیاند و دەڵێت”هاوکارییەکە 20هەزار خوێندکار دەگرێتەوە”.
لە بڵاوکراوەیەکدا، دەستەی چاودێریی کۆمەڵایەتی لە وەزارەتی کار و کاروباری کۆمەڵایەتی عێراق رایگەیاند، دەست بە دابەشکردنی هاوکاریی دارایی سێ مانگی خوێندکاران دەکرێت لە ساڵی خوێندنی 2024-2025
ئەحمەد موسەوی، سەرۆکی دەستەی چاودێریی کۆمەڵایەتی بە میدیا عێراقییەکانی رایگەیاندووە، هاوکارییەکانی مانگی تشرینی یەکەم و دووەم و کانوونی یەکەمی خوێندکاران دابەشدەکرێت و نزیکەی 20 هەزار خوێندکار دەگرێتەوە کە لە زانکۆ حکومییەکان دەخوێنن.
ئەوەشی خستۆتەڕوو، ئەم هاوکارییە بەردەوام دەبێت لە ساڵی 2025 دا و خەرجکردنی ئەو هاوکارییە بە هەماهەنگییە لەنێوان هەردوو وەزارەتی خوێندنی باڵا و وەزارەتی کار و کاروباری کۆمەڵایەتی، ئەمەش لەپێناو کەمکردنەوەی بارگرانیی خوێندکاران و خێزانەکانییانە لەکاتی پرۆسەی خوێندن.
جێی باسە لە ساڵانی ڕابردوودا، لەهەرێمی کوردستانیش ئەو هاوکارییە هەبوو بۆ خوێندکارانی زانکۆ و پەیمانگاکان و مانگانە دابەشدەکرا، بەڵام لەگەڵ سەرهەڵدانی قەیرانی دارایی ئەو هاوکارییە نەماوە و ئێستا بەشێکی کەمی ئەو خوێندکارانە وەریدەگرن.