دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی هەڵبژێردراوی ئەمریکا، ڕۆژی یەکشەممە 12ـی کانوونی دووەمی2025، هێرشێکی توندی کردە سەر بەرپرسانی ویلایەتی کالیفۆرنیا، سەبارەت بەو ئاگرەی کەوتۆتەوە و کۆنتڕۆڵ نەکراوە.
دۆناڵد ترەمپ لە تۆڕی سۆشیال میدیای خۆی بەناوی “تروث سۆشیال” نووسیویەتی “هێشتا ئاگرەکان لە لۆس ئەنجلس پەرەدەسێنن، سیاسەتمەدارە بێتواناکان هیچ بیرۆکەیەکیان نییە کە چۆن ئاگرەکە بکوژێننەوە”.
ئاماژەی بەوەشکردووە، “ئەمە یەکێکە لە خراپترین کارەساتەکانی مێژووی وڵاتەکەمان، ئەوان بە سادەیی ناتوانن ئاگرەکان بکوژێننەوە، “مەرگ لە هەموو شوێنێکدایە”.
هەرچەندە هێشتا زووە بۆ زانینی سەرچاوەی ئاگرکەوتنەوەکان، بەڵام دەسەڵاتداران بەهۆی ئامادەکاری و وەڵامدانەوەیانەوە ڕەخنەی زۆریان لێ گیراوە.
بەپێی ئامارەکانی بەڕێوەبەرایەتی ئاگرکوژێنەوەی کالیفۆرنیا، تا ئێستا ئاگرکەوتنەوەکان زیاتر لە 12 هەزار بینای خاپوورکردووە، و نووسینگەی پزیشکی دادوەری ناوچەی لۆس ئەنجلس ڕایگەیاند، لانیکەم 16 کەسی گیانیان لەدەستداوە.