بافڵ جەلال تاڵەبانی، سەرۆكی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان لە دەباشان پێشوازیی لە ئەلبرێشت فۆن ڤیتكە، كونسوڵی گشتیی ئەڵمانیا لە هەرێمی كوردستان كرد و ڕایگەیاند، دەبێت لە سووریای نوێدا مافی هەموولایەك بەتایبەت گەلی كورد پارێزراوبێت.
نووسینگەی سەرۆكی یەكێتی بڵاویكردەوە، بافڵ تاڵەبانی لەبارەی دۆخی سووریا و ڕۆژئاوای كوردستان ئاماژەی بەوەكرد، وڵاتەكە بە قۆناغێكی هەستیاردا تێدەپەڕێت و پێویستە هەموولایەك كار بۆ بەدیهێنانی ئاشتی و ئاوەدانی لە ناوچەكە بكەن. دەبێت لە سووریای نوێدا مافی هەموولایەك بەتایبەت گەلی كورد پارێزراوبێت و هاوبەشێكی راستەقینەبێت لە بەڕێوەبردنی وڵاتەكەدا.
لەبارەی دۆخی هەرێمی كوردستان و پێكهێنانی حكومەتی نوێوە، وتی، “هەڵوێستی ئێمە لەبارەی حكومەتی نوێوە ڕوونە و نامانەوێت جارێكیتر هەڵەكانی ڕابردوو دووبارەبكرێنەوە، دەبێت حكومەتی داهاتوو دادپەروەرانە و دوور لە هەموو بیركردنەوەیەكی حزبی كار بۆ سەرجەم خەڵكی كوردستان بكات و خزمەتیان بكات”.
جەختیشی كردۆتەوە، ئێمە ناكۆكی و لێكترازان بەهەموو شێوەیەك ڕەتدەكەینەوە و ئامانجمان ئاشتی و پێكەوەژیانە، بەڵام بەرگریكردن لە مافەكانی خەڵك و وەڵامدانەوەی داواكارییە ڕەواكانیان بە ئەركی خۆمان دەزانین. بۆیە هیوادارین هەموولایەنەكانیتریش بەم نییەتەوە هەنگاوبنێن و پێكەوە هەرێمەكان بەرەو ئاوەدانی و سەقامگیری ئاڕاستە بكەین.
لەبارەی یەكخستنەوەی هێزی پێشمەرگەوە بافڵ تاڵەبانی ئاماژەی بە پشتیوانی و هاوكاریی هاوپەیمانیی نێودەوڵەتی كرد بۆ سەرخستنی پرۆسەكە و ڕایگەیاند، یەكخستنەوەی پێشمەرگە پڕۆسەیەكی نیشتمانی و چارەنووسسازە، هیوادارین ئاستەنگە حزبییەكان نەبنە بەربەست لەبەردەم پڕۆسەكە و هەموومان هێزێكی تۆكمە بۆ كوردستانەكەمان بونیادبنێین.