بۆ بەشداریکردن لە کۆبوونەوەکانی هاوپەیمانیی ئیدارەی دەوڵەت و تاوتوێکردنی پرسی شایستە داراییەکان و هەناردەکردنەوەی نەوت، سەرۆکی ھەرێمی کوردستان سەردانی بەغدا دەکات.
بەپێی زانیارییەکان، بڕیارە ئێوارەی ئەمڕۆ نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی ھەرێمی کوردستان سەردانی بەغدا بکات و لەگەڵ ھەریەک لە د. لەتیف ڕەشید، سەررۆک کۆمار، محەمەد شیاع سوودانی، سەرۆک وەزیران، مەحمود مەشھەدانی، سەرۆکی ئەنجوومەنی نوێنەران، فایەق زێدان، سەرۆکی دەسەڵاتی دادوەری و جاسم محەمەد عەبود، سەرۆکی دادگای فیدڕاڵی کۆدەبێتەوە.
نێچیرڤان بارزانی جگە لەوەی لە کۆبوونەوەی ھاوپەیمانی بەڕێوەبردنی دەوڵەت بەشدار دەبێت ھاوکات لەگەڵ ھەریەک لە ھادی عامری، سەرۆکی ھاوپەیمانی فەتح، نوری مالکی، سەرۆکی ھاوپەیمانی دەوڵەتی یاسا و عەممار حەکیم، سەرۆکی ڕەوتی حیکمەش کۆدەبێتەوە.
بەپێی زانیارییەکان، ئەو تەوەرانەی سەرۆکی ھەرێم گفتوگۆی لەسەر دەکات بریتییە لە شایستە داراییەکان و مووچەی مووچەخۆرانی ھەرێم، دەستپێکردنەوەی ھەناردەی نەوت، بابەتی دەروازە سنوورییەکان و کێشەی ناوچە جێناکۆکەکان.