کەشناسی هەرێم ڕایگەیاند، تا کاتەکانی ئێوارە بارانبارین لە ناوچە جیاوازەکان بەردەوامی دەبێت و لە لوتکەی چیا بەرزەکانیش بەفر دەبارێت.
بەپێی ڕاپۆرتی بەڕێوەبەرایەتی گشتی کەشناسی هەرێم، ئەمڕۆ یەکشەممە ئاسمان هەور دەبێت و ئەگەرى نمە باران و دروستبوونى تەم لە سەر ناوچە شاخاوییەکان هەیە، ئاسمانى هەرێم لە کاتەکانى بەیانى تا ئێوارە نیمچە هەور و هەورى تەواو دەبێت.
دەشڵێت: سەبارەت بە بارانبارین بۆ ئەمڕۆ لە سەنتەرى پارێزگاى هەولێر ئەگەرى نمە باران هەیە، بەڵام لە ناوچە شاخاوییەکان هەندێ کات بارانى مامناوەند هەیە، لەسەر لووتکەى شاخە بەرزەکان و ناوچە سنوورییەکان بەفر دەبارێت، کاریگەرى ئەم کەشە ناسەقامگیرە لەسەر سنوورى پارێزگاى سلێمانى و ئیدارەى ڕاپەڕین و پارێزگاى هەڵەبجە زیاتر دەبێت، بەڵام لە سنوورى پارێزگاى دهۆک و ئیدارەى سەربەخۆى زاخۆ تەنها لە ناوچە شاخاوییەکان ئەگەرى نمە باران هەیە لە زۆربەى کات نیمچە هەور دەبێت.
باسی لەوەشکردووە: لە ئێوارەدا لە سەرجەم ناوچەکان کاریگەرى ئەم کەشە ناسەقامگیرە کۆتایى دێت و پاشان ئاسمان دەگۆڕێت بۆ نیمچە هەور.
ئەوەشی وتووە: پلەکانی گەرما نزم دەبێتەوە بەراورد بە تۆمارکراوەکانى دوێنێ وەک لەسەر نەخشەى خوارەوە ئاماژەى پێدراوە.
لە بارەی کەشوهەوای سبەینێ دووشەممە، کەشناسی هەرێم دەڵێت: ئاسمان نیمچە هەور دەبێت پاشان دەگۆڕێت بۆ ساماڵ و پەڵە هەور، پلەکانی گەرما کەمێک بەرز دەبێتەوە بەراورد بە تۆمارکراوەکانى ئەمڕۆ.
بەرزترین پلەکانی گەرمای پێشبینیکراو بە پلەی سیلیزی:
هەولێر: 18 پلەى سیلیزى
سلێمانی: 14پلەى سیلیزى
دهۆک: 16 پلەى سیلیزى
کەرکوک: 17 پلەى سیلیزى
زاخۆ: 17 پلەى سیلیزى
گەرمیان: 19 پلەى سیلیزى