ڕەجەب تەیب ئەردۆغان لە باکووری کوردستانەوە ئاشکرای کرد کە بەدوورینازانێت خۆی بۆ خوولی نوێی سەرۆکایەتی تورکیا کاندید بکاتەوە.
ڕەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆ کۆماری تورکیا لە میانی سەردانەکەی دوێنێ بۆ ڕحای باکووری کوردستان، لە کۆبوونەوەیەکی جەماوەریی پارتی داد و گەشەپیداندا پێشوازی لە گۆرانیبێژی بەناوبانگ ئیبراهیم تاتڵیسەس کرد.
تاتڵیسەس بە ئەردۆغانی ڕاگەیاند کە ڕکابەرەکانی ناتوانن قەڵای رحایان لێ بگرن و وتیشی ئێمە لەگەڵ سەرۆکەکەمان دەمێنینەوە.
تاتڵیسەس لە ئەردۆغانی پرسی ئایا خۆی بۆ خوولی نوێی سەرۆکایەتی کاندید دەکاتەوە؟ ئەویش لە وەڵامدا ڕایگەیاند “ئەگەر ئێوە لەگەڵیدا بن منیش لەگەڵیدام”.
لێدوانەکەی ئەردۆغان ئاماژیەک بوو بۆ نیازی خۆکاندیدکردنەوەی بۆ خوولی نوێی سەرۆکایەتی و پێشتریش محەمەد ئوچوم، گەورە ڕاوێژکاری سەرۆکایەتی تورکیا ڕایگەیاندبوو ئەگەر پەرلەمان بڕیاری ئەنجامدانی هەڵبژاردنی ثێشوەختەی دا لە ساڵی 2027دا، ئەوا ئەردۆغان دەتوانێت جارێکی دیکە خۆی کاندید بکاتەوە.