دڵشاد فەریق
هەر بە بەرچاوی جیهانەوە، ڕۆژێک پێش ئاگرەکەی لۆس ئەنجلس، دۆناڵد ترامپ سەرۆکی داهاتووی ئەمریکا وتی ئاگر لە ڕۆژهەڵاتی ناوین بەر ئەدەم، ڕۆژێک پێش هەمان ئاگر، ئەکتەرە براوەکانی هۆڵیود بۆ فیلم سازی ساڵی 2024، لە بەرنامەی گۆڵدن گڵۆبدا خەڵاتیان وەرگرت، گۆڵدن گڵۆب هاوشێوەی بەرنامەکانی دامەزراوەی خەڵاتی ئۆسکارە، پێشکەشکاری بەرنامەکە شێوازی سوپاس گوزاری براوەکانی خەڵاتەکەی بە گاڵتە جاڕیەوە لەسەر شاشە گەورەکەی بەرنامەکە ڕاگەیاند، ئەنجامەکە بەم شێوەیە بوو، ۱۱ براوە سوپاسی کاست و تیمی یاریدەدەریان کرد، ۳ براوە سوپاسی دایکیان کرد، بەڵام هیچ براوەیەک سوپاسی خودای نەکرد!
پێشکەشکارەکە بەدەم پێکەنینەوە ووتی لە شارێکی بێ خودای وەک هۆڵیوودا جێگای سەر سوڕمان نیە کە هیچ کام لە براوەی خەڵاتەکان سوپاسی خودا ناکەن، هەر ئەمەش بوو بە هۆێ پێکەنین و چەپڵە لێدانی ئامادە بووان، ڕۆژێک دوای ئەم ڕووداوە، لە وەرزی زستان و مانگی ۱دا کە تەنها پێشبینی باران و بەفربارینی لێ ئەکرا، ئاگرێکی دڕ بە خێرایی سەد کیلۆمەتر لە کاتژمێرێکدا بەر بووە گیانی شاری لۆس ئەنجلس و زۆربەی هۆڵیوودیشی لەگەڵ خۆیدا کرد بە سوتماک. شارەزایانی بواری کۆنتڕۆڵی ئاگر و فریاکەوتنی خێرا لە ئەمریکا پێیان وایە هۆکاری پەرەسەندی ئاگرەکە بەو شێوە فراوانە، هەڵکردنی بایەکی خێرا بووە لە ئاسمانەوە، وەهەروەها نەمانی ئاو بووە بۆ کوژانەوەی ئاگرەکە، هاوکات لەگەڵ دراون و وشکەساڵی، جا ئەو دوو هۆکارەی کە شارەزایان باسی ئەکەن چیرۆکێکی قورئانی پیرۆزی بیرخستمەوە، لەسورەتی کەهفدا خوای متعال باسی دوو هاوڕێ ئەکات، یەکێکیان هەژار و باوەڕدارە و ئەویتریان بێ باوەڕ و دەوڵەمەند، چیرۆکەکە ئاوایە کە پیاوە بێ باوەڕەکە باخ و باخاتێکی فراوان و بەرهەمداری ئەبێت، بەڵام لووت بەرزە و فەخر بەسەر هاوەڵە هەژار و باوەڕدارەکەیدا ئەکات، باوەڕی بە زیندوو بوونەوە و ڕۆژی فەسڵان نیە، ئەڵێ خۆ ئەگەر ڕۆژێکی لەو شێوەش هەبێت دوای مردن ئەوا بە هۆی دەوڵەمەنی و زۆری ئەولادەوە لای خواش هەر ئەو لە پیاوە هەژارە باوەڕدارەکە حاڵی باشتر ئەبێت، حیواری چیرۆکە قورئانیەکەی نێوان ئەو دوو پیاوە زۆر سەرنج ڕاکێشە و ئەکرێت لە زۆر گۆشەنیگاوە چەندین ڕووپەڕی سپی لەسەر ڕەش بکریتەوە، بەڵام لێرەدا ئێمە تەنها تەرکیز ئەکەینە سەر دوو دەستەواژەی قورئانی کە لە چیرۆکەکەدا بەکارهاتووە و پەیوەندیدارە بە لێدوانی شارەزایانی ئەمریکا لەسەر ئاگرەکەی لۆس ئەنجڵس، ئەویش دەستەواژەی:
یەکەم (حُسْبَانًا مِّنَ السَّمَاءِ )
دووەم ( أَوْ يُصْبِحَ مَاؤُهَا غَوْرًا)
لە بەرامبەر ئەو خۆ بەگەورە زانین و لووت بەرزیەی کابرای بێباوەڕ، پیاوە هەژار و ئیماندارەکە دوعای شەڕ لە باخەکەی ئەکات، چونکە بووە بە هۆکاری بێ باوەڕی و خۆ بەگەورە زانینەکەی، ئەهلی تەئویل و تەفسیر ئەڵێن حُسْبَانًا مِّنَ السَّمَاءِ واتا عەزابیک لە ئاسمانەوە بێت، وەهەروەها مَاؤُهَا غَوْرًا واتا ڕۆچوون و نەمانی ئاو لەباخەکەیدا، لە ئەنجامی هەڵکردنی سزا ئاسمانیەکە و وشک بونی ئاوی باخەکە، خوای متعال دەستەواژەیەکی ترسناک بۆ وەسفی باخەکەی کابرا بەکار ئەهێنێ دوای قبوڵ بوونی دوعای پیاوە هەژارەکە، ئەفەرموێت: باخەکەی کابرا خَاوِيَةٌ عَلَىٰ عُرُوشِهَا، ڕاڤەکارانی قورئان ئەڵێن واتا شوێنی باخە سەوز و جوانەکەی کابرا خاڵی بوو لە سەوزایی و بەروو بوومە زۆرەکەی، بەشێوەیەک کە هیچ ئاسەواری باخداری پێوە دیار نەما.
قورئان ئاوا دوعای پیاوە ئیماندارەکەمان بۆ نقڵ ئەکات لە سیاقی ئایەتەکەدا:
فَعَسَىٰ رَبِّي أَن يُؤْتِيَنِ خَيْرًا مِّن جَنَّتِكَ وَيُرْسِلَ عَلَيْهَا حُسْبَانًا مِّنَ السَّمَاءِ فَتُصْبِحَ صَعِيدًا زَلَقًا(40) أَوْ يُصْبِحَ مَاؤُهَا غَوْرًا فَلَن تَسْتَطِيعَ لَهُ طَلَبًا (41)
لە سەرەتای شەڕی غەزەدا، جەیمس وود ئەکتەری بەناوبانگی ئەمریکی کە لە هۆڵیوود ئەژی، لە تۆڕی کۆمەڵایەتی ئێکس نوسیبووی، ڕەحمیان پێ مەکەن، هەموویان پێکەوە بکوژن، مەبەستی خەڵکی غەزە بوو، دوێنێ وەک مناڵ بۆ سوتانی خانووە گران بەهاکەی لە هۆڵیوود بۆڕ بۆڕ ئەگریا، زۆرن ئەو ئەکتەرە بەناو بانگانەی ئەمریکا کە بێ ڕەحمانە وتافی کۆمەڵکوژی خەڵکی غەزەیان لێ ئەدا، ئێستا ماڵەکانی خۆیان لە هۆڵیوود بووە بە چاڵی ئاگر.
درەخت و سەوزایی و باخ و میوە هیچ تاوانێکیان نەکردوە هەتا شایستەی سوتان بن، بەڵام درێخی لە خاوەنەکانیانەوەیە بۆیە ئەسوتێن، خودا لە ڕێگەی ئەسبابەوە قەدەر و پلانی خۆی جێ بەجێ ئەکات، مرۆڤی سەرکەش و بێ باوەڕ لەڕێگەی نەمانی ئەو شتەی کە زۆر خۆشی ئەوێت سزا ئەدرێت،
پەنجەرەی دابەزینی سزایی خوایی وەک ئەوەی لە چیرۆکەکانی قورئاندا نقڵ کراوە هێشتا کراوەیە، تەنها دوعای باوەڕدارێکی مەزڵوم و هەژاری پێویستە بۆ نازڵ بوونی، پێ ئەچێت ئەم ئاگرەی لۆس ئەنجلسیش بە دوعای مەزڵومێکی باوەڕداری خەڵکی غەزە هەڵیکردبێت، بەوپێیەی ڕوبەری سوتاوی ئاگرەکەش هێندە ڕووبەری کەولکاری شاری غەزەیە لە ئێستادا، ئەگەر لە داهاتوودا هێندەی پانتایی ڕووبەری خاکی فەلەستین زیاد نەکات!