ئایا كارەساتەكان سزای خودان!؟



ئیسماعیل خورماڵی
ڕاستیەكەی تەنھا پێغەمبەران (علیھم السلام) پەیوەندی نێوان خودا و مرۆڤەكانن و ئەوان توانیویانە پەیامی خودا بە ڕاست و دروستی بە مرۆڤەكان بگەیەنن.
جگە لەوە مرۆڤەكانی تر ھەرچی دەڵێن لەبارەی ئایینەوە تێگەیشتنی خۆیانە بۆ ئەو پەیامە.

خوای گەورە لە قورئانی پیرۆزدا باسی لەناوبردنی گەلە پێشینەكانی كردووە بەھۆی فەساد و گوناھ و خراپەوە بە جۆرەھا سزا. لەوانە: باو باران، لافاو، ڕەشەبا، دەنگی گەورە وەك بومەلەرزە، نەخۆشی، بەرد باران و سەرەوژێر كردنی زەوی، برسیەتی و ترس و ….ھتد. لەپاڵ ئەوەشدا ھەڕەشەی كردووە لە بێ باوەڕان بەو سزایانە.
وَمَا هِيَ مِنَ الظَّالِمِينَ بِبَعِيدٍ.
كاتێك خۆشەویستمان صلى الله عليه وسلم لە تائیف گەڕایەوە جبریل علیە السلام بژاردەی ئەوەی بۆ خستەڕوو كە فریشتەی شاخەكان ئەو دوو شاخە بدات بەیەكدا و لەناویان ببات، كە تێیدا خەڵكی باوەڕدار و منداڵ و باخ و باخات ھەبوو، بەڵام ئەو نەیویست و نزای خێری بۆ كردن. كەواتە ئەگەر بیویستایە ڕووی دەدا و سزا دەدران.
چەندین فەرموودە ھەن باسی ئەوە دەكەن كە لە داھاتوودا مرۆڤەكان ڕوو لە خراپە و فەساد دەكەن و خوای گەورەش سزایان دەدات.
بۆیە زانایان لە كۆنەوە ڕا جیاییان ھەبووە لەوەی كە ھەر كارەساتێك ڕوو لە مرۆڤەكان دەكات دەگونجێت سزای خودا بێت و دەگونجێت سزاش نەبێت.ئێمە نازانین كامیانە.
ھەروەك چۆن ھەڵەیە بەناوی خوداوە بە ڕەھایی قسە بكەین و بڵێین ئەوە سزا نیە، بەھەمان شێوەش ھەڵەیە پێچەوانەكەی بڵێین. چونكە تەنھا خودا دەزانێت.
پرسیار/
زۆرجار مرۆڤ دەكەوێتە عەقڵكاری و دەپرسێت: باشە ئەی خودا سزای ئەوانە دەدات بۆچی سزای فڵان نادات و بۆچی وا ناكات و ….ھتد!؟
ئەوەش ھەڵەیەكی ترە. چونكە مرۆڤ بۆی نیە لێپرسینەوە لەخودا بكات.
لَا يُسْأَلُ عَمَّا يَفْعَلُ وَهُمْ يُسْأَلُونَ
خوای گەورە خۆی لەبەر حیكمەت و ویستی خۆی دەزانێت چی بكات و چی نەكات. بەنمونە:
خوای گەورە باسی اصحاب الاخدود دەكات كە ھەموو ئیمانداران بە زیندوویی لە چاڵە ئاگرێكدا سوتێنران و خودا سزای ڕاستەوخۆی بكەرەكانی نەدا. كەچی قارون بە فەخر و لوتبەرزیەوە خۆی نمایش دەكات لەناو گەلەكەیدا خودا دەیكات بە ناخی زەویدا و لەناوی دەبات.
بۆچی!؟
ئەو پرسیارە ئیشی من نیە، ئەو خودایە و كارەكانی پڕ حیكمەتن و خۆی دەزانێت.
ھاوەڵانی ئەشكەوت سێ سەد ساڵ دەخەوێنێت بۆ ئەوەی وەڵامی ئەو پرسیارەیان بداتەوە كە پەیمانی خودا ڕاستە بۆ سەرخستنی ئەھلی ئیمان و دواڕۆژیش گومانی تێدا نیە.
وَكَذَٰلِكَ أَعْثَرْنَا عَلَيْهِمْ لِيَعْلَمُوا أَنَّ وَعْدَ اللَّهِ حَقٌّ وَأَنَّ السَّاعَةَ لَا رَيْبَ فِيهَا
لەوانەیە ملیۆنەھا كەس ئەو پرسیارەی بۆ دروست بووبێت، بەڵام ئەمە یەكجار ڕوو دەدات و دەبێتە پەند وانە و دووبارە نابێتەوە.
كۆمەڵێ پرسیاری سەیر دەكرێت سەبارەت بە گونجانی ئەم جۆرە سزایە لەگەڵ ڕەحمی خودا و سۆز و میھرەبانی و شتگەلێكی تر كە عەقڵكارین.
بەڵێ دەگونجێت چونكە خودا ناو و سیفاتی زۆرە لەپاڵ الرحمن الرحيم دا شديد العقاب و جبار و منتقم یش ھەیە.
سزای مرۆڤگەلێك دەدات كە ھیچ سنورێك نەماوەتەوە تێیان نەپەڕاند بێت لە فەساد و خراپە و لادان و ھەمان ئەو خودایەیە كە گەلەكانی تری لەناو بردووە بە جۆرەھا سزای سەخت و دواتریش جەھەنەمیان لێ پڕ دەكات و تێیدا بە یەكجاری دەمێننەوە.
كەواتە بەدەر لە حەز و خواستی ئێمە خودا ئەو شتانە دەكات كە خۆی دەیەوێت. ئاگاداری خورپەی دڵەكانە و ھیچ شتێك بە بێ خواست و ئیرادە و حیكمەتی ئەو ڕوو نادات. ھەرچی بوێت دەیكات. سزاكانیشی ڕەحمەتن بۆ مرۆڤەكان تا پەند و وانەی لێ وەرگرن و بگەڕێنەوە. بۆ ئەوەی لە سزای سەختی یەكجارەكی و ھەمیشەیی بیانپارێزێت.
وَلَنُذِيقَنَّهُم مِّنَ الْعَذَابِ الْأَدْنَىٰ دُونَ الْعَذَابِ الْأَكْبَرِ لَعَلَّهُمْ يَرْجِعُونَ.
كەواتە ھەموو كارەساتەكان كە ڕوو دەدەن ڕاستە ھۆكارەكەی خراپی مرۆڤەكانە، بەڵام ئەگەری ئەوەشی ھەیە كە سزای خودا بن. واللە اعلم…
ئافاتی ئاسمان و غەوری ئاو
پێت ئافاتی ئاسمان و غەوری ئاو
کەشناسی هەرێم: بەفرو بارانبارین دەستپێدەکات
دوات کەشناسی هەرێم: بەفرو بارانبارین دەستپێدەکات
پەیوەنیدر