ئەمڕۆ ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێم کۆدەبێتەوە



وتەبێژی حکومەتی هەرێمی کوردستان ڕایگەیاند، بەیانی ئەمڕۆ ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان کۆبوونەوەیەکی نائاسایی لە بارەی پرسی مووچە بە ئامادەبوونی نوێنەرانی کورد لە بەغدا ساز دەکات و هەردوو فراکسیۆنی کۆمەڵ و یەکگرتووش رەتیان کردەوە بەشداری لە کۆبوونەوەکە بکەن.

پێشەوا هەورامانی، وتەبێژی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە ڕاگەیەندراوێکدا بڵاویکردەوە: بەیانی ئەمڕۆ شەممە کاتژمێر 10 لە شاری هەولێر بە ئامادەبونی نوێنەرانی هەرێمی کوردستان لە حکومەتی فیدراڵی و سەرۆکی فراکسیۆنە کوردستانییەکانی سەرجەم لایەنەکان لەئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق، لە ئەنجوومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان بە ئامادەبوونی سەرۆکوەزیران و جێگری سەرۆکوەزیران و وەزیرەکانی حکومەتی هەرێم کۆبونەوەیەکی نائاسایی ئەنجومەن ئەنجامدەدرێت.

باسی لەوەشکردووە: بابەتی کۆبونەوەکە تایبەتە بە پرسی مووچەو شایستە داراییەکانی هەرێمی کوردستان لە حکومەتی فیدراڵی عێراق.

لای خۆیانەوە هەردوو فراکسیۆنی یەکگرتوو و کۆمەڵی دادگەری لە ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق بڕیاری بایکۆتی کۆبوونەوەکەیان داوە.

موسەننا ئەمین پەرلەمانتاری یەکگرتووی ئیسلامیی کوردستان بە میدیای حزبەکەی ڕاگەیاند: بەشداری
کۆبوونەوەکەی حکومەتی هەرێم ناکەن، بێزاربوون لەم کۆبوونەوانە و ناچنە کۆبوونەوەیەکەوە کە ئەجێنداکەی دیارنەبێت.

دەشڵێت: حکومەتی هەرێم ڕاستیەکان بە ئێمە ناڵێت قەیران لەدوای قەیران دەخوڵقێنێت و هاووڵاتیانی هەرێم برسی دەکات، داهاتەکان ئاشکرا ناکات ناتوانێت ڕێککەوتنێکی کۆنکریتی درێژخایەن لەگەڵ حکومەتی عێراق بکات.

ڕاشیگەیاند، نزیکەی ساڵێک تێپەڕی نەیتوانی لیستی مووچە لەگەڵ حکومەتی بەغدا ڕێکبکاتەوەو کێشەو قەیرانەکان بەردەوام زیاد دەکات کەم ناکات.

موسەننا ئەمین ڕاشیگەیاند، تا ئێستا مووچەی مانگی 12ی فەرمانبەرانی نەداوە وە ئەو داتایانەش کە دەیخاتەڕوو جێگەی متمانەنین بۆ ئێمە، بۆیە ئێمە هیچ بە پێویستی نازانین حکومەت قەیرانێکی هەبوو هەڵوێستێک دەربڕێ ئێمە لەگەڵ خۆی ڕیزبکات ئێمە لەگەڵ حکومەت ڕیز نابین ئێمە ئۆپۆزسیۆنین.

نرخی نەوتی برێنت لە 80 دۆلار نزیک دەبێتەوە
پێت نرخی نەوتی برێنت لە 80 دۆلار نزیک دەبێتەوە
موسەننا ئەمین: حکومەتی هەرێم ڕاستیی ناڵێت و قەیرانیش دەخوڵقێنێت
دوات موسەننا ئەمین: حکومەتی هەرێم ڕاستیی ناڵێت و قەیرانیش دەخوڵقێنێت
پەیوەنیدر