پەرلەمانتارێکی یەکگرتوو دەڵێت، حکومەتی هەرێمی کوردستان دەربارەی کێشە داراییەکان ڕاستیی ناڵێت و قەیران لە دوای قەیران دەخوڵقێنێت.
موسەننا ئەمین پەرلەمانتاری یەکگرتووی ئیسلامیی کوردستان بە میدیای حزبەکەی ڕاگەیاند سبەینێ بەشداری
کۆبوونەوەکەی حکومەتی هەرێم ناکەین، بێزاربووین لەم کۆبوونەوانە و ناچینە کۆبوونەوەیەکەوە کە ئەجێنداکەی دیارنەبێت.
دەشڵێت: حکومەتی هەرێم ڕاستیەکان بە ئێمە ناڵێت قەیران لەدوای قەیران دەخوڵقێنێت و هاوڵاتیانی هەرێم برسی دەکات، داهاتەکان ئاشکرا ناکات ناتوانێت ڕێککەوتنێکی کۆنکریتی درێژخایەن لەگەڵ حکومەتی عێراق بکات.
ڕاشیگەیاند، نزیکەی ساڵێک تێپەڕی نەیتوانی لیستی مووچە لەگەڵ حکومەتی بەغدا ڕێکبکاتەوەو کێشەو قەیرانەکان بەردەوام زیاد دەکات کەم ناکات.
موسەننا ئەمین ڕاشیگەیاند، تا ئێستا مووچەی مانگی 12ی فەرمانبەرانی نەداوە وە ئەو داتایانەش کە دەیخاتەڕوو جێگەی متمانەنین بۆ ئێمە، بۆیە ئێمە هیچ بە پێویستی نازانین حکومەت قەیرانێکی هەبوو هەڵوێستێک دەربڕێ ئێمە لەگەڵ خۆی ڕیزبکات ئێمە لەگەڵ حکومەت ڕیز نابین ئێمە ئۆپۆزسیۆنین.
وتیشی :ئەگەر حکومەت بەسیفەتی ئەوەی پەرلەمانتاری کوردین لەبەغدا هەڵوێستێکیان هەیە و دەیانەوێت کێشەیەک چارەسەر بکەن، دەتوانن بە ڕاپۆرتێک زانیاریەکانمان بۆ بنێرن، ئەگەر بەتەمای هەڵوێستێکیشن بیگرن لەحکومەتی عێراق، ئێمە ئامادەنین لەگەڵ دەسەڵات هەڵوێست وەرگرین.
پەرلەمانتارەکەی یەکگرتوو دەشڵێت؛ ئەگەر حکومەتی هەرێم هەر هەڵوێستێکی هەبوو ئێمە دواتر هەڵیدەسەنگێنین، ئەگەر پێمان باش بوو پشتیوانی لێدەکەین ئەگەر بەڕاستمان زانی و بەبەرژەوەندی خەڵکی کوردستانمان زانی، ئەگەر بەباشیشمان نەزانی ڕای خۆمان ڕوون و ئاشکرا دەڵێین.