ئەمشەو بەڕێوەبەرایەتی گشتی کەشناسی و بوومەلەرزەزانی هەرێمی کوردستان ڕایگەیاند، لە سبەینێوە شەپۆلێکى باران بارین ڕوو لە هەرێمى کوردستان دەکات.
لە ڕاگەیەندراوەکەی کەشناسیدا هاتووە کە پێشبینی دەکرێت لە دوای نیوەڕۆی شەممەوە ئاسمانى هەرێم بگۆڕی بۆ هەورى تەواو لەگەڵ دەستپیکردنى نمەباران کە سەرەتا لە ناوچەکانى کەرکووک گەرمیان و هەڵەبجە و سلێمانىیەوە دەبێت و پاشان هەموو ناوچەکانى هەرێم دەگرێتەوە.
ڕاشیگەیاند لە ناوچە شاخاوییە سنوورییەکان بەفر دەبارێت.
کەشناسی ئەوەشی خستەڕوو کە پێشبینى دەکرێت ڕێژەی باران بارین لە هەندێک لە ناوچەکانى گەرمیان و سلێمانى و ڕاپەڕین و سۆران و دهۆک زیاتر بێت بە بەراورد لەگەڵ ناوچەکانى ترى هەرێم.
ڕاشیگەیاند ئەم شەپۆلە کاریگەریەکەى بە لاوازی بەردەوام دەبێت تا ڕۆژی یەکشەممە بەتایبەت لە ڕۆژهەڵاتى هەرێم.