دکتۆر فائیق گوڵپی
سیاسەتی ناوخۆیی دەوڵەتی تورکیا ڕەگەزپەرستانەیە، دژی مافی نەتەوەیی کورد و نەتەوەکانی ترە، سیاسەتی ناوچەیی تورکیا ئیمپراتۆرانەیە، دەیەوێت دەوڵەتی عوسمانی زیندوبکاتەوە.
ئەم جۆرە سیاسەتانە لە لایەن کۆمەڵگای نێودەوڵەتیی و سیستەمی باڵادەستی جیهانییەوە پەسەند نییە، بەڵام لەبەر ئەوەی تورکیا ئەندامی پەیمانی ناتۆیە، پێگەیەکی جیوپۆلیتیکی گرنگی هەیە، تەنها وڵاتی موسڵمانی رۆژهەڵاتی ناوەڕاستە کە سیستەمی حوکمڕانییەکەی لیبراڵییە، وە کێشە لە ناوچەی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا زۆرن، لە بەرژەوەندی کۆمەڵگای نێودەوڵەتییدا نییە لەم کاتەدا ڕاستەوخۆ بەرامبەر تورکیا بوەستێتەوە، تەنها پشتیوانی لەو سیاسەتە هەڵانەی ناکات.
لە ئاستی دبلۆماسیدا تورکیا پێگەی لاوازبوە، لە ماوەی سەرۆکایەتی بایدندا سەرۆکی تورکیا چەندان جار داوای کرد سەردانی ئەمریکا بکات،بایدن ڕەزامەندی نیشان نەدا، کەچی سەرۆک وەزیرانی عێراق لە هاوینی ٢٠٢٣ دا سەردانی ئەمریکای کرد و بۆ ماوەی هەفتەیەک لە ئەمریکا مایەوە،کە گەڕایەوە بۆ عێراق سەرۆک کۆماری تورکیا سەردانی سەرۆکوەزیرانی عێراقی کرد.
بۆ وەرگرتنی فینلەند و سوید لە پەیمانی ناتۆ،تورکیا چەندان مەرجی دانابو تا ڕەزامەندی لەسەر ئەندامبونی ئەو دو وڵاتە لە پەیمانی ناتۆدا بدات، ئەو دوو وڵاتە لە پەیمانی ناتۆ وەرگیران بە بێئەوەی هیچ مەرجێکی تورکیا جێبەجێبکرێت.
دەوڵەتی تورکیا لە سەردەمی بایدندا چەندان جار بە ئێستەشەوە داوای گڵۆپی سەوزی ئەمریکای کرد بۆ ئەوەی پەلاماری ڕۆژئاوای کوردستان بدات، ئەمریکا ڕێگەی نەدا.
دوای روخانی ڕژێمی ئەسەد تورکیا بە تەمابوو پێگەی خۆی لە سوریادا بەهێزبکات، بەڵام یەکەم کونفرانس دەربارەی ئایندەی سوریا لە شاری عەقەبەی ئوردون بەسترا نەک لە شارێکی تورکیا، یەکەم سەردانی وەزیری دەرەوەی سوریای نوێ بۆ سعودییە بوو نەک بۆ تورکیا، ئەمە نیشانیدەدا کە پێگەی ناوچەیی تورکیا لە سوریاش بەرەو لاوازی دەڕوات.
ناکۆکییەکانی نێوان ئەمریکاو و ئەوروپا و ئیسرائیل لەگەڵ تورکیا لە ئاستێکدان کە چیتر تورکیا لە ناوچەکەدا بە متمانەپێکراوی ئەو وڵاتانە دانانرێت، دەوڵەتێکی وەک سعودییە لە تورکیای ئەندامی ناتۆ لە ناوچەکدا زیاتر جێی متمانەی ئەو وڵاتانەیە.
لە ڕوی سەربازییەوە چل ساڵ زیاترە شەڕی کوردی ئازادیخواز دەکات، چەکی کیمیاوی و چەکی ئەتۆمی تەکتیکی و کۆمەڵکوژی بەکاردەهێنێ، نەیتوانی کۆتایی بە جوڵانەوەی ئازادیخوای گەلی کوردبێنێ و لە کۆتاییدا پەنای بۆ گفتوگۆ و ئازادکردنی عەبدوڵلا ئوجئالان برد. وا نزیکەی مانگێکە بە هێزە چەکدارەکانیی (سوری و چیچانی و ئوگور) پەلاماری ڕۆژئاوای کوردستان ئەدات، شکست لە دوای شکست بە میوانی دەبێت و فڕۆکە بێفڕۆکەوانە بەیرەقدارەکانی یەک لە دوای یەک بەردەبنەوە و لوتی دەشکێ.
لە شەڕی ڕۆژئاوای کوردستاندا تورکیا تەنها شکستی سەربازی نەهێناوە،کۆمەڵگای نێودەوڵەتیش( ئەمریکا، فەرەنسا،ئەڵمانیا،بەریتانیا و هیتر )پشتگیری کورد دەکەن و دژی هەر هێرشێکی ڕاستەوخۆی تورکیا بۆ سەر رۆژئاوا هەڵوێست نیشاندەدەن، حکومەتی نوێی سوریاش دژی هەسەدە ناوەستێتەوە و ئامادەیی دان بە مافەکانی گەلی کوردا بنێت.بەو شێوەیە تورکیا بەرامبەر بە کوردیش دوچاری شکست هاتووە، کەچی هەندێک لە بەرپرسە بێگا و بێشعورەکانی باشوری کوردستان سەردانی تورکیا دەکەن و پەیمانی دژایەتی کوردی باکور و ڕۆژئاوا بە تورکیا دەدەن ، کەناڵەکانی ڕاگەیاندنیان ئەو هەموو شکستە دبلۆماسی و سەربازیی و پاشەکشە ئابورییەی تورکیا نابینن بە شان و باڵ و پێگەی تورکیادا هەڵدەدەن و بێشەرمانە دەڵێن :
تورکیا لە پێکهێنانی کابینەی دەیەمی حکومەتی هەرێمی کوردستاندا ڕۆڵی گرنگی دەبێ.