وەزیری شارەوانی و گەشت و گوزار تایبەت بە پرۆژەی ڕاكێشانی تۆڕی ئاوی خواردنەوەی نێو شاری هەولێر کۆبۆوە.
وەزارەتی شارەوانی و گەشت و گوزار بڵاویکردەوە، بە ئامادەبوونی ساسان عەونی، وەزیری شارەوانی و گەشتوگوزار و ئومێد خۆشناو، پارێزگاری هەولێر، كۆبوونەوەیەك لەگەڵ بەشێك لە كۆمپانیا ناوخۆییەكان تایبەت بە پرۆژەی ڕاكێشانی تۆڕی ئاوی خواردنەوەی نێو شاری هەولێر بەڕێوەچوو.
بەپێی بڵاوکراوەکەی وەزارەتی شارەوانی،لە كۆبوونەوەكەدا باشتركردنی تۆڕی ئاوی خواردنەوەی شاری هەولێر لە ڕێگەی جێبەجێكردنی پرۆژەیەكی گەورەوە گفتوگۆی لەبارەوە كرا.
پرۆژەی تۆڕی ئاوی خواردنەوەی هەولێر، یەكێكە لە پرۆژە گەورەكانی حكومەتی هەرێمی كوردستان، بۆ بەستنەوەی هێڵە سەرەکییەکانی پرۆژەی فریاگوزاریی خێرای گەیاندنی ئاو بۆ شاری هەولێر لەگەڵ تۆڕەکانی ناوشاری هەولێر و بۆ مەبەستی چاكسازی و باشتركردنی پرۆسەی گەیاندن و دابەشكردنی ئاوی خواردنەوە بۆ هاووڵاتییانی شاری هەولێر جێبەجێ دەكرێت.