بەرپرسێکی پیشووی ئەمریکا دەڵێت: دەبێت تورکیا درک بەوە بکات کە هیچ چارەسەرێکی سەربازی لە باکووری سووریادا نییە.
ئەمڕۆ پێنجشەممە ٩ -١ – ٢٠٢٥، حازم غەبرا، سیاسەتمەدار و ڕاوێژکاری پێشووی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا ڕایگەیاند، “دەبێت تورکیا درک بەوە بکات کە کێشەی هێزەکانی سووریای دیموکرات بە شێوەیەکی سەربازی چارەسەر نابێت”.
غەبرا، کە ئەندامی پارتی کۆمارییەکانی ئەمریکایە، ڕایگەیاند؛ قسەکردن لەسەر ناردنی هێزی ئەمریکایی و فەرەنسی بۆ پاراستنی ناوچەکانی سنووری باکوور و ڕۆژهەڵاتی سووریا لەگەڵ تورکیا “بەس نییە”، بەڵکو دەبێت ڕێککەوتنی جددی بکرێت و بەر لەپەلامارەکانی تورکیا بگیرێت کە لە ڕێی گرووپە چەکدارەکان و خودی خۆی لەڕیی بۆردوومانی ئاسمانی دەیانکاتە سەر ناوچەکە، کە هێزەکانی سووریای دیموکراتی تیا باڵا دەستن.
غەبرا وتی، “تورکیا بە بەکارهێنانی فڕۆکەی جەنگی و فڕۆکەی بێفڕۆکەوان هێزەکانی سووریای دیموکرات بۆردومان دەکات و زۆرینەی قوربانیانی هێزەکانی سووریای دیموکرات بەهۆی هێرشە ئاسمانییەکانەوەن و تەنیا پرسی پاراستنی سنوورەکان لەلایەن ئەمریکایی و فەرەنسییەکانەوە بەس نییە”.
ئاماژەی بەوەشکرد، “ئەوەی پێویستە ڕێککەوتنێکی سیاسی ڕوون و ئاشکرایە، ئەگەرچی تائیستا داواکارییەکانی تورکیا ڕوون نین بۆ ڕێککەوتن”.
ڕۆژی چوارشەممەی ڕابردوو ٨ -١ -٢٠٢٥، ئیلهام ئەحمەد، هاوسەرۆکی بەشی پەیوەندییەکانی دەرەوەی ئیدارەی خۆسەری رۆژئاوای کوردستان ڕایگەیاند، ئەمریکا و فەرەنسا ئامادەن بەرپرسیارێتی ئاسایشی ناوچەی سنووری باکووری سووریا لە ئەستۆ بگرن.