جارێکی دیکە شاندی تەکنیکی پارتی و یەکێتی بە مەبەستی ئامادەکاریی بۆ پێکهێنانی کابینەی نوێی حکومەتی هەرێمی کوردستان کۆدەبنەوە.
بڕیارە ئەمڕۆ پێنجشەممە، شاندی تەکنیکی پارتی دیموکراتی کوردستان و یەکێتی نیشتمانیی کوردستان بۆ سێیەم ڕۆژی لەسەریەک کۆببنەوە کە ئامانج لێی ئامادەکارییە بۆ ڕەشنووسی ڕێککەوتنێکی هاوبەش سەبارەت بە پێکهێنانی کابینەی نوێی حکومەتی هەرێم.
لە پارتی پشتیوان سادق، دڵشاد شەهاب و ئومێد سەباح و لە یەکێتیش ڕێواز فایەق، ئامانج رەحیم و شاڵاو جەمال لە کۆبوونەوەکاندا بەشدارن.
میدیای یەکێتی بڵاویکردەوە، چاوەڕوان دەکرێت هەفتەی داهاتوو شاندی دانوستانکاری هەردوولا بە سەرۆکایەتی هۆشیار زێباری و قوباد تاڵەبانی کۆببنەوە.