بەبێ تورکیا، ڕۆژی پێنج شەممە کۆبونەوەی ئەمریکا و دەوڵەتانی ئەوروپی لە ئیتاڵیا ئەنجام دەدرێت سەبارەت بەداهاتوی سووریا و پێکهێنانی حکومەتیکی گشتگیر لەلەیەن سوورییەکان خۆیانەوە.
وەزارەتی دەرەوەی ئیتاڵیا لە ڕاگەیەنراوێكدا ئاماژەی بەوەكردووە، وەزیرانی دەرەوەی ئیتاڵیا، فەرەنسا، ئەڵمانیا، بەریتانیا و ئەمریکا لەم هەفتەیەدا کۆدەبنەوە و بارودۆخی سووریا تاوتوێ دەکەن.
بەپێی ڕاگەیەندراوەكە، ئەنتۆنیۆ تایانی، وەزیری دەرەوەی ئیتاڵیا، سەرۆکایەتی ئەو کۆبوونەوەیە دەکات، کە بڕیارە سبەی پێنج شەممە لەگەڵ هاوتا ئەوروپی و ئەمریکییەکانی بەڕێوەبچێت.
وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا، ڕۆژی دوو شەممە بڵاویكردەوە، ئەنتۆنی بلینکن، وەزیری دەرەوەی ئەمریکا لەگەڵ هاوتا ئەوروپیەکانی کۆدەبێتەوە وەک بەشێک لەو دەرفەتەی كە “بۆ بەرگریکردن لە گواستنەوەیەکی سیاسی ئاشتیانە و هەمەلایەنە بۆ هەمووان، بە سەرۆکایەتی سوورییەکان و تێیدا بڕیارەکە لەسەر ئەوانە”.
هێزەكانی ئۆپۆزسیۆن بە سەرۆکایەتیی دەستەی تەحریر شام مانگی ڕابردوو لە هێرشێکی کتوپڕدا ڕژێمی بەشار ئەسەدیان ڕووخاند، دوای شەڕێکی خوێناوی کە 13 ساڵی خایاند، زلهێزەکانی ڕۆژئاوا بە وریاییەوە هیوای خۆیان بۆ سەقامگیری لە سووریا دەربڕی.
وەزارەتی دەرەوەی ئیتالیا بڵاویکردەوە، تایانی داوای لە کۆبوونەوەکە کردووە “بۆ هەڵسەنگاندنی دۆخی سووریا دوای مانگێک لە ڕووخانی ڕژێمی ئەسەد”.
ئاماژەی بەوەشکرد، کارنامەکە کردەوەکانی حکومەتی ڕاگوزەری سووریا و ئەو تەحەددایانە لەخۆدەگرێت، کە کۆنفرانسی داهاتووی گفتوگۆی نیشتمانی نوێنەرایەتی دەکات، هەروەها باس لە داڕشتنی دەستووری نوێ و بوژانەوەی ئابووری لە سووریا دەکرێت.