وەزارەتی دارایی هەرێمی كوردستان ڕایدەگەیەنێت، سوودمەندانی هەژماری من دەتوانن لە سەدان ئامێری ڕاکێشانی پارە لە سەرانسەری هەرێمی کوردستان مووچەکانیان ڕابکێشن و پڕۆژەی هەژماری من-یش دەڵێت: بۆ مانگی 11 نزیكەی چارەكە ملیۆنێك مووچەخۆر بە هەژمارەكە مووچەیان وەرگرتووە.
وەزارەتی دارایی هەرێم لە ڕاگەیەنراوێكدا بنكەكانی (ATM)ی بۆ وەرگرتنی مووچە بڵاوكردەوە و ڕایگەیاندووە، ئامێرەکانی ڕاکێشانی پارە تەنها لە سەنتەری شارەکان بەردەست نین، بەڵکو لە چەندین شار و شارۆچکە و قەزا و ناحیەی دیکەش دانراون و تا بێت ژمارەشیان زیاد دەکرێت.
ئاشكراشی كردووە، ئەوەی کە هەژماری من هەوڵی بۆ دەدات بریتییە لە “بەدیجیتاڵکردنی پڕۆسەی دابەشکردنی مووچە و بەردەستخستنی چەندین خزمەتگوزاریی بانکی جۆراوجۆر و گەیشتن بە کۆمەڵگایەکی بێ کاش و زیادبوونی شەفافییەت لە مامەڵەدا و پتەوبوونی ئاسایشی دارایی”.
لای خۆشیەوە، پڕۆژەی هەژماری من بڵاویكردۆتەوە، پارەداركردنی 220 هەزار هەژماری بانکیی سوودمەندانی پڕۆژەی هەژماری من لە سەرانسەری کوردستان بەردەوامە و بۆ مووچەی مانگی تشرینی دووەم (11) و لەمەودوا سەرجەم فەرمانبەرانی مەدەنی لە پارێزگای هەولێر بە دیجیتاڵی مووچە وەردەگرن.
ئاماژەی بەوەشكردووە، لە کۆتا ڕۆژی دابەشکردنی مووچەی مانگی 11دا سوودمەندانی هەژماری من، کە ژمارەی ئەوانەی ئەمڕۆ مووچەکانیان دەچێتە سەر هەژمارەکانیان زیاد لە 63,000 کەسە، پێشمەرگەی لیوا هاوبەشەکانیش هاوکاریی هاوپەیمانیانیان بۆ خرایە سەر هەژمارە بانکییەکانیان، کە ژمارەیان زیاد لە 37,000 کەسە و بە کۆی گشتی، تەنها ئەم مانگە چارەکە ملیۆنێک کەس مووچەیان لە ڕێی هەژمارە بانکییەکانیانەوە وەرگرتووە.