سۆران عومەر، ئەندامی لیژنەی ئابووری لە پەرلەمانی عێراق باس لە هاتنی پارە دەکات لە بەغداوە وەک مووچەی مانگی 12، بەڵام وەک خۆی دەڵێت، هەرێم لە خەڵکی شاردووەتەوە.
ئەو پەرلەمانتارە لە لاپەڕەی خۆی لە فەیسبووک بڵاویکردووەتەوە: بەغداد پارەی مووچەی مانگی 12ی بەفەرمی ناردووە، بە دوو گوژمە 441 ملیارو 493 ملیۆن دیناری مووچەی مانگی 12ی ناردووە.
دەشپرسێت بۆچی هەرێمی کوردستان مووچەی مانگی 12ی لە خەڵک شاردووەتەوە؟.
پێشتریش سۆران عومەر، لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانیدا ئاشکرای کردبوو، ئەوەی حکومەتی هەرێم ناوی ناوە “کورتهێنانی مووچە”، بڕینی ئەو داهاتەیە کە شەش مانگە نەیناردووەتەوە بۆ بەغداد، بۆیە پارەکە لای حکومەتی هەرێمە و دەبێت لە داهاتی ناوخۆ بیدات، چونکە کە پارەی داهاتەکەی نەناردووەتەوە بۆ بەغداد دەبێت بیدات بە مووچە.
ئەمە لەکاتێکدایە دوێنێ هونەر جەمال، وتەبێژی وەزارەتی دارایی هەرێمی کوردستان دوێنێ سێشەممە ڕایگەیاند: ئەو 441 ملیار دینارەی بەغدا ناردوویەتی کورتهێنانی مووچەی مانگەکانی 10 و 11ی پێ پڕکراوەتەوە.
باسی لەوەشکردبوو، ئەوان دەستبەرداری مووچەی مانگی 12 نابن و چاوەڕوانن بەغداد پارەکە ڕەوانە بکات.