بەیانی ئەمڕۆ چوارشەممە، محەمەد شیاع سوودانی، سەرۆک وەزیرانی عێراق بە سەردانێکی فەرمی گەیشتە تارانی پایتەختی کۆماری ئیسلامی ئێران.
فادی شممەری، ڕاوێژکاری سیاسیی سەرۆک وەزیرانی عێراق ڕایگەیاند، سەردانەکە لە کاتێکدایە کە ناوچەکە و لەسەر ئاستی نیودەوڵەتیش بە دۆخێکی هەستیاردا تێپەڕدەبێت.
ئەوەشی خستەڕوو کە ئەم سەردانە لە چوارچێوەی هەوڵەکان بۆ بەهێزکردنی سەقامگیری و پتەوکردنی پەیوەندی نێوان وڵاتانی ناوچەکە ڕەهەندێکی ستراتیژیشی هەیە.
هاوکات ئاژانسی هەواڵی فەرمی ئیرانیش بڵاویکردەوە کە سەردانەکەی سەرۆک وەزیرانی عێراق بۆ ئێران لە دۆخی هەستیاری ناوچەکەدایە کە گرنگیی هەماهەنگی نێوان تاران و بەغدادی زیاتر کردووە.
ڕاشیگەیاند، ئەمڕۆ هەموو چاوەکان لەسەر تاران دەبن بە تایبەتیش لەم کاتەدا کە گرژییە جیۆسیاسییەکانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست قەیران و ئاژاوە ڕوویان لە ناوچەکەدا کردووە.
چاوەڕوان دەکرێت سوودانی پرسی چارەنووسی میلیشیا شیعەکان لەگەڵ بەرپرسانی تاران تاوتوێ بکات بۆ ئەوەی عێراق لە ئەگەری هەر هێرشێکی ئیسرائیل یاخود هەڵوێستی توندی ئەمریکا بپارێزێت، بە تایبەتیش دوای بڵاوبوونەوەی ئەو زانیارییانەی کە باس لەوە دەکەن واشنتۆن بە ڕوونی بە بەغدادی ڕاگەیاندووە دەبێت کۆتایی بە دۆسیەی گروپە چەکدارەکانی سەر بە ئێران بهێنێت.