حاكم قادر: پێویستە ھەموو ڕێكارێكی یاسایی بگیرێتەبەر بۆ دابینكردنی مووچەی فەرمانبەران



حاكم قادر حەمەجان لە كۆبوونەوەی لەگەڵ وەرزشكارە دێرینەكانی سلێمانی ڕایگەیاند، ئەوەی كردوومانە ئەرك بووە و هەرچیمان بۆ سلێمانی كردبێت منەتی تێدا نییە و وتیشی، “مووچە مافێكی ڕەوا و یاساییە و ناكرێت مووچە و قوتی ھاووڵاتیان تێكەڵ بە ململانێ سیاسیەكان بكرێت”.

حاكم قادر حەمەجان، سەردانی كۆمەڵەی وەرزشكارە دێرینەكانی سلێمانی كرد و ڕایگەیاند، شاری سلێمانی هەمیشە لە سەرجەم بوارەكانی كەلتوری و هونەری و ئەدەبی و مۆسیقا و ئازادی ژنان و خەبات و بەرگری ڕۆڵی گرنگ و بەرچاوی بینیوە.

وتیشی، وەرزشكارە دێرینەكان خزمەتێكی گەورەیان بە سەرجەم بوارە وەرزشیەكان كردوە و توانیویانە چەندین نەوە پێبگەیەنن، سەرەڕای ھەڵوێستی نیشتمانی و جوامێریشیان، خاوەنی چەندین شەھیدن لە بزوتنەوەی كوردایەتیدا.

وەرزشكارە دێرینەكان سوپاسی حاكم قادریان كرد، كە لە سەردەمێكدا ئەو سەرۆكی شارەوانی بووە، زەویان پێدراوە و زەویشی بۆ یانە وەرزشیەكان و یاریگای بچوك لە گەڕەكەكاندا تەرخانكردووە و هەوڵەكانیان بەرزنرخاند، لەبەرامبەریشدا حاكم قادر وتی، “ئەوەی كردوومانە ئەرك بووە و هەرچیمان بۆ سلێمانی كردبێت منەتی تێدا نییە”.

لەبارەی مووچەی فەرمانبەرانی ھەرێمیش حاكم قادر وتی، “پێویستە حكومەتی هەرێم ھەموو ڕێگایەكی یاسایی بگرێتەبەر بۆ دابینكردنی مووچەی ئەمساڵی فەرمانبەران و مامۆستا و خانەنشینان، چونكە مووچە مافێكی ڕەوا و یاسایی خۆیانە و ناكرێت مووچە و قوتی ھاوڵاتیان تێكەڵ بە ململانێ سیاسیەكان بكرێت”.

حاكم قادر تیشكیشی خستە سەر پێكهێنانی كابینەی نوێی حكومەتی هەرێم و ڕایگەیاند، پێویستە لەسەر لایەنە سیاسیەكانی هەرێمی كوردستان پەلە بكەن لە پێكهاتنی حكومەت بۆ ئەوەی ھەرێم نەكەوێتە بۆشایی یاساییەوە، دەشبێت بنەمای پێكھێنانی حكومەتەكە خزمەتكردنی زیاتری خەڵك بێت و ھاوسەنگی ھێزی تێدا پارێزراوبێت.

حاكم قادر جەختیشیكردەوە، دونیا و ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و ناوچە بەرەو گۆڕانكاری خێرا دەڕۆن، بۆیە پێویستە بە بەرنامەیەكی ستراتیژێكی نیشتمانی و نەتەوەی ڕوونەوە خۆمان ئامادەبكەین بۆ ھەر ئەگەر و ڕووداو و ئالنگاری و پێشھاتێك، چونكە تەنها ئەوە دەتوانێت گەلەكەمان لەم باهۆزی گۆڕانكارییانەدا بگەیەنێتە كەناری ئارامی.

ترەمپ بەڵێنێك بە جیهان دەدات
پێت ترەمپ بەڵێنێك بە جیهان دەدات
ئای كیو لەگەڵ GBI یەکەم ڕێککەوتنی بازرگانی دارک فایبەری لەعێراق واژۆ کرد لەسەر ترانزێتی ڕێگای ئاوریشم
دوات ئای كیو لەگەڵ GBI یەکەم ڕێککەوتنی بازرگانی دارک فایبەری لەعێراق واژۆ کرد لەسەر ترانزێتی ڕێگای ئاوریشم
پەیوەنیدر