لوقمان غەفوور
کەمێک بە کورتی! هەفتەیەک لەمەوبەر سەڵاحەدین بەهادین ئەمینداری یەکگرتوو بەرلەوەی کۆنگرە بکرێت و ببیتەوە بە ئەمیندار چووە تورکیا، سەرەتا میدیاکانی یەکگرتوو شاردیانەوە، دواتر میدیای یەکگرتوو لەگەڵ کۆمەلێک لە پاشکۆکانی میدیای یەکگرتوو بە بەناچاری شەرمنانە باسیان کردو بە دەستکەوتیان لەقەڵەمداو وایان وەسفکرد گوایە بۆ نێوەندگیریی و کێشەی باکور و رۆژئاوا لەگەڵ تورکیا چۆتە تورکیا.
بەشێوەیەک وا وەسفکرا بۆتە عاملی خەیر لە ناوچەکە، مرۆڤ ناتوانێت هیچ تۆمەتێک بکات، بەڵام پێموانییە تورکیا گوێ لە ئەمینداری یەکگرتوو بگرێت بۆ چارەسەرکردنی کێشەی کورد.
دواتر دوێنێ شاسوار عەبدولواحید سەرۆک و رابەر و سکرتێری نەوەی نوێ چووە تورکیا و لەگەڵ جێگری وەزیری دەرەوە کۆبۆتەوە.
بەدرێژایی تەمەنی حزبایەتی ، شاسوار لە هیچ شوێنێکەوە بانگ نەکراوە. جا بەدڵنیایی میدیای نەوەی نوێ کە ئێن ئار تی-یە هیچی لەسەر سەردانەکە نەوتووە، بەڵام بەدڵنیایی کاتێک لە چەند رۆژی داهاتوودا، شاسوار گەڕایەوە، ببینن ئەیکات بە چ دەستکەوتێکی نەتەوەیی و چۆن باسی دەکات کە لەپێناو بەرژەوەندی باکور و رۆژئاوا سەردانی کردووە.
هەر دوابەدوای ئەم دوانە ، مەسرور بارزانی گەیشتە ئەنقەرە و لەگەڵ وەزیری دەرەوە کۆبۆوە.
بۆ پارتی چوونە ئەنقەرە سەرسوڕهێنەر نییە و یەکەمین جاریش نییە، چونکە پارتی پەیوەندی خۆی و تورکیا ناشارێتەوە و چەندینجار پێشتر، چ مەسعود بارزانی و چ نێچیرڤان بارزانی و چ مەسرور بارزانی سەردانیان کردووە.
تەنانەت بە هەفتەیەک پێش هەڵبژاردنی پەرلەمان لە مانگی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٤ ، نێچیرڤان بارزانی سەردانی تورکیای کردو چونەکەش کاریگەری لەسەر ئەنجامی هەڵبژاردنەکان هەبوو.
میدیاکانی پارتی بە ئاشکرا باسی سەردانەکەی ئەمڕۆی مەسرور بارزانی-یان کرد، کە ئەمە راستگۆییە لەگەڵ پارتییەکان بێ پێچ و پەنا.
ئێستا پرسیار ئەوەیە ئەم سێ هێزە(یەکگرتوو، نەوەی نوێ، پارتی) کە بوونە موفاجەئەی هەڵبژاردن بە هەرسێکیان ئەتوانن حکومەت پێکبهێنن، تورکیا بۆچی بانگیان ئەکات، ئایا بۆ چارەسەری کێشەی باکور و رۆژئاوایە یان بۆ تەشکیلی کابینەی نوێ و ئاوتکردنی یەکێتی-یە لە حکومەت، چونکە هەر لە هەمان وادەدا، تورکیا یەکەم هەنگاو سەرلەنوێ سزای سەر فرۆکەخانەی سلێمانی نوێ کردەوە.
بۆ من، هیچ هێزێکی سیاسی گرنگ نییە کە پەیوەندی لەگەڵ چ دەوڵەتێک هەبێت، من ناوی سەیرو سەمەرەشی لێنانێم، بەڵام ئەم حزبانە پێویستیان بەوە نییە درۆ لەگەڵ خەڵک بکەن، خەڵکێک کەمێک ژیربێت ئەزانێت ئەو کورسی و دەنگانەی هێزەکانی باشوور هێناویانە لە هەڵبژاردنی ئەمجارە چەندی هی خۆیانەو چەندی دەوڵەتی تورکیا و عیراق و ئێران کاریگەری هەبووە لەسەر دیزاینکردنی دەنگ و پەرلەمان و ژمارەی کورسییەکان .
لەئێستادا هەریەک لە یەکگرتوو و نەوەی نوێ قەرزاری تورکیان، جا یان ئەبێت قەرزەکە بدەنەوە یان ئەبێت خۆیان هەڵگرن لە هەڵبژاردنی داهاتوو، چۆن دەنگی هەقیقی خۆیان وەردەگرن، بیریشمان نەچێت دروستکردنی حکومەت بە بێ یەکێتی، هێندە ئاستەنگە کە پێموانییە پارتی نەزانێت ئاستەنگیەکەی چەندە!