دوابەدوای ڕاگەیەنراوەكەی سەرۆكایەتی كۆماری توركیا دەربارەی كۆبوونەوەی سەرۆك كۆماری ئەو وڵاتە و سەرۆك وەزیرانی هەرێمی كوردستان، حكومەتی هەرێم دەڵێت: لە كۆبوونەوەی نێوان بارزانی و ئەردۆغان جەخت لە نەهێشتنی ئاستەنگی بەردەم هەناردەی نەوتی هەرێم كراوە.
حکومەتی هەرێم لە ڕاگەیەنراوێكدا ئاماژەی بەوەكردووە، پاشنیوەڕۆی ئەمڕۆ سێ شەممە 7-1-2024، لە چوارچێوەی سەردانە فەرمییەکەیدا بۆ تورکیا، مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان، لە کۆشکی کۆماری لە ئەنقەرە، لەگەڵ ڕەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆک کۆماری تورکیا کۆبووەوە.
لە کۆبوونەوەکەدا، بەهێزکردنی پەیوەندیی دوولایەنە و دوایین پەرەسەندن و پێشهاتەکانی عێراق و گۆڕانکارییەکانی ناوچەکە و سووریا تاوتوێ کرا.
لە بەشێکی دیکەی کۆبوونەوەدا، جەخت لە گرنگیی چارەسەرکردنی کێشەکانی نێوان هەرێمی کوردستان و حکومەتی فیدراڵ لەسەر بنەمای دەستوور و نەهێشتنی ئاستەنگەکانی بەردەم هەناردەکردنەوەی نەوتی هەرێمی کوردستان کرا.
هەر بەپێی ڕاگەیەنراوەكە، لەبارەی دۆخی سووریاش، هەردوولا هاوڕابوون لەسەر پێویستی پاراستنی ئارامی و ئاسایش و مافی گشت پێکهاتەکانی ئەو وڵاتە.
ئەمە لەكاتێكدایە، كە سەرۆكایەتی كۆماری توركیا ڕاگەیەنراوێكی دەربارەی كۆبوونەوەكە بڵاوكردۆتەوە و بەبێ ئاماژەدان بە پرسی هەناردەی نەوت، دەڵێت، ڕەجەب تەیب ئەردۆغان جەختی كردۆتەوە، “لە داهاتووی سووریای نوێدا هیچ شوێنێك بۆ ڕێكخراوە تیرۆریستییەكان و هێزە پەیوەندیدارەكانی نییە”.