یادی 33 ساڵەی قوربانیانی ڕێگەی زانستە …(چنار و هێمن)تان لەیادە؟



چنار ناسح عەلی و هێمن ناسح عەلی، خەڵكی گوندی برایم غوڵامی سەر بەناحیەی قادركەرەم بوون و باوكیان لەشاڵاوی ئەنفالە بەدناوەكەدا بێ‌ سەروشوێن بووە و دواتر لە ناحیەی شۆڕشی سەر بە قەزای چەمچەماڵ نیشتەجێ‌ بوون لەگەڵ (ئاهو)خانی دایكیان.

دوای ئاوارە بوونیان لەكۆڕەوەكەی 1991 لە ئێران دەگەڕێنەوە و لە ئۆردوگای شانەدەری نزیك قەزای سەیدسادق دەگیرسێننەوە، ئەو خوشك و برایە (چنار-ی تەمەن 9 ساڵ لە پۆلی سێیەمی سەرەتایی و هێمن-ی تەمەن 7 ساڵ لە پۆلی یەكەمی سەرەتایی) ساڵی 1992 لە شاری سەیدسادق بەفر و سەرما گیانی لێسەندن، ئەوان هەموو بەیانییەك لە ئۆردوگای شاندەرییەوە بەپێ‌ دەڕۆشتن بۆ سەیدسادق بۆ خوێندن.

لە ڕۆژێكی وەك ئەمڕۆدا و لە 7-1-1992دا بەفرێكی زۆر دەبارێت و ئەوان ڕۆیشتن بۆ قوتابخانە و ئیتر نەگەڕانەوە بۆ ماڵەوە.
كاتێك دایكی هاواری كرد، كە منداڵەكانی نەهاتوونەتەوە خەڵكی شانەدەری و سەیدسادق جوامێرانە دەستیان كرد بە گەڕان بە دوای ئەو دوو منداڵەدا، سەرئەنجام دوای شەوێك مانەوە لەناو بەفر لە سەرووی سەیدسادقەوە لەژێر بەفرەوە جەستەی تەزیوی هەردووكیان دەدۆزنەوە، كە بۆ ماڵەوە ڕۆشتبوونەوە و بەداخەوە ڕێگەی ماڵەوەیان ون كردبوو بەفر و سەرما كەسیرەی خستبوون.

هێمن لە چنار منداڵ تر بوو زووتر پەكی كەوتبوو چناریش (هەر بەو شێوەیەی پەیكەرەكەیان) خۆی دابوو بەسەر جەستەی تەزیوی برا بچووكە بێ‌ باوكەكەیدا تا سەرما نەیكوژێت، بەڵام ئەفسووس كاتیك دۆزرانەوە هێمن گیانی سپاردبوو چناریش لە كۆتایی ژیانیدا بوو، هاوڵاتیان بەپەلە گواستیانەوە بۆ نەخۆشخانە، بەڵام ئەویش رۆحیی پاكی دای لە شەقەی باڵ و بەرەو لای برا ئازیزەكەی فڕی.

ئێستا لە دەروازەی سەیدسادق پەیكەرێك بۆ ئەو دوو پەپوولە ئازیزەی ڕێگای زانست دروستكراوە و گۆڕەكانیان لە ناحیەی شۆڕشە لە قەزای چەمچەماڵە و پەروەردەی چەمچەماڵیش وەكو ڕێزێك ناوی دوو قوتابخانەی بەناوی هێمن و چنار ناوزەند كردوە.

ئێستا (هێمن و چنار) بوونە سمبولی مەزڵومییەتی گەلی كورد، و دوو چرای قوربانی ڕێگەی زانست و خوێندن و ساڵانە لە 7-1 دا یادی ئەو ڕووداوە ناخ هەژێنە دەكرێتەوە.

هاوكات، ئەمڕۆ سێ شەممە ٧/ ١/ ٢٠٢٥ لە خانەی ڕۆشنبیری مناڵانی شۆڕش و بەئامادەبوونی (ڕەمک ڕەمەزان) قائیمقامی چەمچەماڵ و بەڕێزان (هاوتا عەزیز) بەڕێوەبەری ناحیەی شۆڕش و مامۆستا(عەبدوڵا حەمە) بەڕێوەبەری پەروەردە و ژمارەیەک لە بەڕێوەبەری فەرمانگەکان، ٣٣هەمین ساڵیادی کۆچی دوای هەردوو خوێندکار چنار و هێمن بەڕێوەچوو.

ئەردۆغان: لە داهاتووی سووریادا هیچ شوێنێك بۆ ڕێكخراوە تیرۆریستییەكان نییە
پێت ئەردۆغان: لە داهاتووی سووریادا هیچ شوێنێك بۆ ڕێكخراوە تیرۆریستییەكان نییە
منداڵێك شووشە پەڕیە قوڕگیەوە و گیانی لەدەستدا
دوات منداڵێك شووشە پەڕیە قوڕگیەوە و گیانی لەدەستدا
پەیوەنیدر