پەرلەمانتارێکی یەکێتی لە ئەنجومەنی نوێنەران ڕایدەگەیەنێت درێژکردنەوەی ماوەی قەدەغەکردنی گەشتە ئاسمانییەکانی سەر فڕۆکەخانەی سلێمانی لەلایەن تورکیاوە سیاسییە.
ئەمڕۆ سێشەممە، کاروان یاروەیس، بڕیاردەری فراکسیۆنی یەکێتی لە ئەنجومەنی نوێنەران ڕایگەیاند، دەسەڵاتی فرۆکەوانی مەدەنی تورکی (نۆتام) بروسکەیەکی بۆ دەسەڵاتی فڕۆکەوانی مەدەنی عێراق ناردووە و سزاکانی سەر فرۆکەخانەی نێودەوڵەتی سلێمانی تا مانگی حەوتی ئەمساڵ درێژ کردووەتەوە بەبێ دیاریکردنی هۆکارەکەی.
ئەو پەرلەمانتارە دەڵێت: “بڕیارەکە لەلایەن دامەزراوەکانی فڕۆکەوانی و گواستنەوە لەتورکیا نەدراوە، بەڵکو سیاسیە لەسەرووی ئەوانەوە بڕیارەکە تازە کراوەتەوە”.
دوێنێ هەندرێن موفتی، بەڕێوبەری فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتیی سلێمانی ڕایگەیاند، تورکیا قەدەغەکردنی گەشتە ئاسمانییەکانی سەر فرۆکەخانەی نێودەوڵەتیی سلێمانی بۆ ماوەی شەش مانگی دیکە درێژکردەوە.
قەدەغەکردنی گەشتەکان لە ئاسمانی تورکیاوە بۆ سلێمانی تا 6ی تەمووزی داهاتوو بەردەوام دەبێت.
داخستنی ئاسمانی تورکیا بە ڕووی سلێمانیدا ڕۆژی 3ی نیسانی 2023 دەستیپێکرد و لەو کاتەوە بە چەند قۆناغێک بڕیارەکە تا تەمموزی داهاتوو درێژکرایەوە.