وەزارەتی سامانە سروشتییەكانی حكومەتی هەرێمی كوردستان ڕایدەگەیەنێت، بەغدا یەكەم كاروانی نەوتی بۆ هەرێم نارد و شارەزایەكی ئابووری ئاشكرای دەكات، ڕێككەوتن لەگەڵ عێراق دۆخی ئابووری هەرێم دەبووژێنێتەوە و هاوكات فرۆشیارێكی نەوت دەڵێت: “دابەشكردنی نەوت نرخەكەی لە بازاڕدا هەرزان دەكات”.
وەزارەتی سامانە سروشتییەكانی هەرێم لە ڕاگەیەندراوێكدا ئاماژەی بەوەكردووە، دوای هەوڵەكانی شاندی هەرێم لە بەغدا، بڕیار درا بە ناردنی ٥٠ ملیۆن لیتر نەوتی سپی بۆ هەرێم و یەكەم بەشی ئەو نەوتە گەیشتە هەرێم و لیتری بە ٥٠٠ دینار دەبێت.
ئاشكراشی كردووە، توانرا بڕی ٥٠ ملیۆن لیتر نەوتی سپی بۆ هەرێمی كوردستان تەرخان بكرێت، كە پێشتر نرخی هەر لیترێك نەوتی سپی بە ٧٥٠ دینار دەستنیشان كرابوو، جەنابی سەرۆكی حكومەت لەم سەردانەیدا داوای كرد ئەم نرخە بۆ هاووڵاتییانی كەم بكرێتەوە، بۆیە وەزارەتی نەوتی عێراق رازی بوو ئەم نرخە بۆ ٥٠٠ دینار بۆ هەر لیترێك كەم بكاتەوە.
لای خۆشیەوە، ئومێد قەرەداغی، شارەزای ئابووری و مامۆستای زانكۆ بۆ (خەڵك) ڕایگەیاند، نەوتی سپی بەغدا گەیشتە هەرێمی كوردستان و نرخی هەر لیترێك بە ٥٠٠ دینار دانراوە، بڕیارە بەغدا لە كۆی گشتیدا بڕی ٥٠ ملیۆن لیتر بنێرێ
وتیشی، “بێ بەغدا هەرێم ناتوانێ نەوت دابەش بكات، بۆیە ڕێككەوتن لەگەڵ بەغدا تاكە چارەسەرە بۆ بوژانەوەی ئابووری هەرێم، هەزارجاریش باشترە لە ڕێككەوتن لەگەڵ ئەنكەرە و تاران”.
پێشتر سەرچاوەیەك لە بەڕێوەبەرایەتی نەوت و كانزاكانی سلێمانی بۆ (خەڵك) ئاشكرای كرد، هەركات نەوتەكەی عێراق بگاتە هەرێم، لەناو شارەكان دەست بە دابەشكردنی نەوت دەكەن.
هاوكات، رزگار محەمەدی نەوت فرۆش بۆ (خەڵك) ئاشكرای كرد، بەهۆی دابەشكردنی نەوتەوە لە ماوەی ڕابردوودا نرخی نەوت هەرزان بوو، بەجۆرێك نرخی یەك بەرمیل بۆ ٢٢٠ هەزار دینار دابەزی.
جەختیشی كردەوە، بە هاتنی نەوت لە عێراقەوە و دابەشكردنی لەناو شار زیاتر نرخەكەی هەرزان دەبێت.
لە ساڵی ڕابردوودا حكومەتی هەرێم بڕیاریدا بۆ هەر ماڵێك لە هەرێم بەرمیلێك نەوت پێش وەرزی سەرما دابەش بكات بە نرخی ١٠٣ هەزار و ٥٠٠ دینار، بەڵام چلەی زستان هات و هێشتا زۆرینەی هاووڵاتیان چاوەڕێی نەوت و تەنها هاووڵاتیانی ناوچە سنوورییەكان و شاخاوییەكان نەوتیان پێ دراوە و هێشتتا لەناو شارەكان و ئیدارە سەربەخۆكان نەوت دابەش نەكراوە.