دوابەدوای ئەو بانگەوازەی شارەزایەكی كەشناسی كردی بۆ نوێژەبارانە بەهۆی وشكی كەشوهەوا و بێ بارانییەوە، لە بەشێكی زۆری ناوچەكان لە سێ ڕۆژی ڕابردوودا نوێژەبارانە ئەنجامدرا و لە دوێنێوە باران بارین و بەفر بەشێكی ناوچەكانی گرتۆتەوە و ئەو شارەزا كەشناسییە دەڵێت: نوێژەبارانە كاری خۆی كرد.
شاڵاو هیدایەت، شارەزای کەشناسی بۆ (خەڵك) ڕایگەیاند، نوێژەبارانەکە ئیشی خۆی کرد، شەپۆلێکی باران و بەفر لە ئارادەیە و بۆ مەودای 11 و 12ی مانگ و دوای هاتنی ئەو وشکیەی كەشوهەوا تەواو تێکدەشکێت و دۆخەکە تەواو ئاسایی دەبێتەوە بە تایبەت بۆ نێوان ناوەڕاست و کۆتایی مانگ واتا دوای ناوەڕاستی مانگ زیاتر.
وتیشی، “سوپاس بۆ خودا وەک پێشبینیمان کردبوو شەپۆلی باران و بەفر سەرجەم ناوچە جیاوازەکانی گرتەوە بەکاریگەری و بڕی جیاواز شەپۆلەکە لەواقع لەپێشبینی باشتر دەرچوو، بێگومان نوێژه بارانەکەش ئەنجامی هەبوو دوعای ئەو هەموو خەڵکە چەند کەسێ یان کەسێ قبوڵ بووە”.
لای خۆشیەوە، محەمەد کەمال، شارەزای کەشناسی بۆ (خەڵك) وتی، “لەئەنجامی نوێژە بارانەکە شەوی ڕابردوو لەهەندێک ناوچە باران و بەفر باری، کە هەرگیز لە هیچ نەخشەیەک ئاماژەی پێ نەکرابوو کە باران و بەفر دەبارێت”.