فەرماندەی سوپای پاسدارانی ئێران لەسەر چارەنووسی حەشدی شەعبی عێراق پەیامێک بە سودانی دەدات و دەڵێت”ئێران دژی هیچ بڕیارێک نییە لەبارەی چارەنووسی حەشدی شەعبی”.
پێگەی ئێران ئینتەرناشیوناڵ، لە ڕاپۆرتێکدا کە ئێوارەی ئەمڕۆ دووشەممە 6ـی کانوونی دووەمی 2025بڵاوکرایەوە، تۆڕی نێودەوڵەتی ئێرانی ئۆپۆزسیۆن وردەکاری سەردانەکەی دوێنێی ئیسماعیل قائانی فەرماندەی سوپای پاسدارانی ئێرانی بۆ بەغدای پایتەخت ئاشکرا کرد و پشتڕاستی کردەوە کە لەگەڵ سودانی کۆبۆتەوە و باسی حەشدی شەعبی کراوە.
تۆڕەکە ئاماژەی بەوەشکردووە، “قاعانی ڕاستەوخۆ سودانی ئاگادارکردووەتەوە کە ئێران دژی هیچ بڕیارێک نییە کە بەغدا سەبارەت بە داهاتووی حەشدی شەعبی لە عێراقدا بدات”.
جەختیشی لەوە کردەوە کە ئێران رێز لە عێراق دەگرێت لە هەر بڕیارێک سەبارەت بە هێزە ئەمنییەکان، ئەمە لەپاش ئەو هەوڵانە هات کە عێراق بۆ هەڵوەشاندنەوەی حەشدی شەعبی و گرووپە چەکدارەکان دەیگرێتەبەر.
قائانی بە ئەسودانی وتووە، حکومەتی ئێران نایەوێت لە ناوچەکەدا بکێشرێتە ناو ململانێیەکی چەکدارییەوە و نایەوێت “بەغدا بەتەنها لە ململانێیەکی لەو شێوەیەدا تێوەگلابگلێت”.
جێگای سەرنجە کە میدیا بیانییەکان ماوەیەکە هەواڵەکان سەبارەت بە بوونی هەوڵەکانی ئەمریکا بۆ هەڵوەشاندنەوەی هێزەکانی حەشدی شەعبی و گرووپە چەکدارەکان لە ناوخۆی عێراق بڵاودەکەنەوە، ئەمەش لە چوارچێوەی ئەو هەوڵانە دێت کە بڕیارە بۆ ڕیککەوتن لەگەڵ ئیدارەی دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی هەڵبژێردراوی ئەمریکا ئەنجام بدرێت.