سەرۆکی پارتی ئایندە دوای كۆبوونەوەی لەگەڵ شاندی دەم پارتی ڕایگەیاند، پێویستە کورد لە تورکیا مافیان پارێزراو بێت و وتیشی، پێویستە لایەنەكان لەم كاتە هەستیارەدا، ژیرانە مامەڵە بكەن.
ئەحمەد داودئۆغڵو، سەرۆکی پارتی ئایندە پێشوازی لە شاندی پارتی یەکسانی و دیموکراسی گەلان (دەم پارتی) لە ئەنقەرە كرد، كە دوای سەردانەكەیان بۆ ئیمرالی و كۆبوونەوەیان لەگەڵ عەبدوڵا ئۆجەلان، سەردانی پارتە سیاسییەكانی توركیایان كرد بۆ دەستپێكردنەوەی پڕۆسەی ئاشتی.
ئەحمەد داودئۆغڵو سەرۆکی پارتی ئایندە لە كۆنفڕانسێكی ڕۆژنامەوانیدا ڕایگەیاند، كۆبوونەوەیەكی ڕاستەقینە و جیددی بوو. زانیاریی زۆر باشیان لەبارەی (پرۆسەی ئاشتی) پێ داین و جەختیشمان لەوە كردەوە، كە چۆن دەبێت وانە لە ئەزموونەكانی ڕابردوو وەربگرین.
وتیشی، ” پێویستە کورد لە تورکیا مافیان پارێزراو بێت و پێویستە بیر لەوە بکرێتەوە کە کورد و تورک بە ئاشتی بژین.”
ئاماژەی بەوەشكرد، “ئێستا كاتێكی هەستیارە و پێشهاتی گەورە لە جیهان و لە ناوچەكەدا هەن. دەبێت بەرەی ناوخۆ بەهێز بكەین، بەهێزكردنی ئەم بەرەیەش تەنها لە ڕێگەی جێبەجێكردنی دیموكراسیی تەواو و پاراستنی مافی كورد و تورك و هەموو هاووڵاتییان بەدی دێت”.
داود ئۆغڵو دووپاتی كردەوە “ئێمە بایەخێكی زۆر بە بانگەوازی دەوڵەت باخچەلی بۆ ئاشتیی ناوخۆیی دەدەن، بۆیە پێویستە لایەنەكان لەم كاتە هەستیارەدا، ژیرانە مامەڵە بكەن”.