وتەبێژی یەکێتی خانەنشینانی کوردستان ڕایگەیاند، خانەنشینانی پێش ساڵی 2014، بۆ یەکەمجار مووچەی خانەنشینییەکەیان بە هاوتاکراوی وەرگرت.
سادق شێخ عوسمان، وتەبێژی یەکێتیی خانەنشینانی کوردستان ئەمڕۆ دووشەممە ڕایگەیاند، “دوێنێ خانەنشینانی پێش ساڵی 2014 لە بەڕێوەبەرایەتییەکانی هەڵەبجە، کۆیە و پشدەر بۆ یەکەم جار مووچەیان بە هاوتاکراوی وەرگرت”.
وتیشی، “ئەوانەی دوێنێ مووچەیان بۆ یەکەمجار بە هاوتاکراوی وەرگرت، قەرەبووی چوار مانگی رابردووشیان وەرگرتووە کە بۆیان هاوتا نەکرابوو”.
سادق شێخ عوسمان ئاماژەی بەوەش کرد، “سەرەتا هەڵەبجە، کۆیە و پشدەر مووچەی هاوتاکراویان وەرگرتووە، چونکە خانەنشینییان کەمە و دواتر تەواوی خانەنشینانی هەرێمی کوردستان کە ساڵانی پێش 2014 خانەنشین بوون، مووچەکەیان هاوتا دەکرێت”.
تەممووزی ساڵی رابردوو مووچەی خانەنشینانی هەرێمی کوردستان هاوتای خانەنشینانی عێراق کرا، بەڵام تەنیا ئەو خانەنشینانەی گرتەوە کە دوای ساڵی 2014 خانەنشین بوون. سادق شێخ عوسمان دەڵێت، “دوای ئەوەی سەردانی بەغدا و لایەنی پەیوەندیدارمان کرد، ئاشکرا بوو خانەنشینانی پێش 2014ش دەبێت مووچەیان هاوتا بکرێت و جێبەجێ بکرێت”.
ئەوانەی دوێنێ بۆ یەکەمجار مووچەیان بە هاوتاکراوی وەرگرت، بە وتەی سادق شێخ عوسمان، “ئەوانە بوون کە مووچەیان زیاتر بوو لە 500 هەزار دینار”.
بەگوێرەی یەکێتیی خانەنشینانی هەرێمی کوردستان، جگە لە پلە باڵا و تایبەتەکان، بەرزترین مووچەی خانەنشینی لە هەرێمی کوردستان 918 هەزار دینار بوو، دوای هاوتاکردن لانیکەم بووە ملیۆنێک و 500 هەزار دینار، بەشێکیشیان بووە ملیۆنێک و 800 هەزار دینار.
سادق شێخ عوسمان دەڵێت، “ئەوانەی تاوەکو دوێنێ مووچەکەیان 918 هەزار دینار بوو، دوێنێ بە هاوتاکراوی نزیکەی ملیۆنێک و 500 هەزار دیناریان وەرگرتووە، هەروەها بۆ چوار مانگی رابردووش بۆ هەر مانگێک 500 هەزار دینار قەرەبوویان وەرگرتووە، چونکە پێشتر کە هاوتاش نەکرابوو مووچەکەیان 100 هەزار دینار زیادیکردبوو”.
ئەو خانەنشینانەی هەرێمی کوردستان پێش هاوتاکردنی مووچەکانیان لە تەممووزی 2024 مووچەکەیان 220 هەزار دینار بوو، زیادیکرد بۆ 500 هەزار دینار و 100 هەزار دیناری ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق.