پەرلەمانتارێکی پارتی ڕایگەیاند فراکسیۆنەکەیان لە ئەنجومەنی نوێنەراندا لەگەڵ درێژکردنەوەی تەمەنی کۆمسیۆنی هەڵبژاردنەکاندا نییە، چونکە “زیان بە دیموکراسی دەگەیەنێت”.
محەمەد خۆشناو، ئەندامی پەرلەمانی عێراق لە فراکسیۆنی پارتی دیموکراتی کوردستان، بە ماڵپەڕی فەرمیی حزبەکەی ڕاگەیاند، “چەند جارێک کۆمسیۆن بۆ ماوەی شەش مانگ وادەکەی درێژ کراوەتەوە، ئەو درێژکردنەوە باش نییە و زیان بە دیموکراسیەت دەگەینێت، بۆیە پێمان باشە کۆمسیۆنێکی تازە دابنرێتەوە، ئەوەش لە دەسەڵاتی ئەنجوومەنی باڵای دادوەرییە، بۆیە پەرلەمان دەیەوێت جارێکی دیکە وادەی کۆمسیۆن درێژبکرێتەوە، ئێمەش لەگەڵ ئەوە نین، پێمان باشە کۆمسیۆنێکی تازە دابنرێت، چونکە کاتێکی باش بۆ ھەڵبژاردن ماوە و دەتواندرێت لەو ماوەیە ئەو ستافەی دادەنرێت باش شارەزای ھەڵبژاردن بن.
سەبارەت بە دانیشتنەکەی ئەنجومەنی نوێنەرانیش کە بڕیاربوو دوێنی بەڕێوەبچێت، محەمەد خۆشناو وتی، بۆ ھەر دانیشتنێک پێویستە سەرۆکی ئەنجومەنی نوێنەران و ھەردوو جێگر ئیمزا لەسەر کارنامەکەی بکەن، “نوێنەری ئێمە دکتۆر شاخەوان عەبدوڵا ئیمزای لەسەر نەکردبوو و ڕازی نەبوو ماوەی کۆمسیۆن درێژبکرێتەوە، چونکە پێمان باشە کۆمسیۆنێکی تازە لەلایەن ئەنجوومەنی باڵای دادوەرییەوە دابنرێت”.
خۆشناو باسی لەوەش کرد، “پێشتر پارتی دیموکراتی کوردستان نوێنەری لە کۆمسیۆن ھەبوو، کشایەوە، ئێستا ئەگەر کۆمسیۆن دابنرێتەوە ئێمەش مافی خۆمانە نوێنەرمان لە کۆمسیۆن ھەبێت، بۆیە باشترە کۆمسیۆنێکی تازە دابنرێت”.