شاندی دەم پارتی بە مەبەستی گەیاندنی هەڵویستی عەبدوڵا ئۆجالان، لەگەڵ داد و گەشەپێدان و دوو پارتی دیکەی تورکیا کۆدەبێتەوە.
بڕیارە پێشنیوەڕۆی ئەمڕۆ دووشەممە، شاندی دەم پارتی کە لە پەروین بوڵدان و سڕی سورەییا ئۆندەر و ئەحمەد تورک پێکهاتووە، سەردانی پارتی داد و گەشەپیدانی فەرمانڕەوا و گەلەجەک بە سەرۆکایەتی ئەحمەد داودئۆغڵو بکات و سبەینێش لەگەڵ پارتی سەعادەت کۆدەبنەوە.
ئامانجی سەردانەکە گەیاندنی هەڵوێستی عەبدوڵا ئۆجالان ڕێبەری زیندانیکراوی پەکەکەیە دەربارەی پرۆسەی ئاشتی، ئەویش دوای ئەو سەردانەی کە لە کۆتایی مانگی ڕابردوو بۆ ئیمرالی ئەنجامیاندا.
هەفتەی ڕابردووش شاندەکە سەردانی نوعمان کورتوڵموش، سەرۆکی پەرلەمانی تورکیا و دەوڵەت باخچەلی، سەرۆکی بزووتنەوەی نەتەوەپەرست مەهەپەیان کرد.
ئۆجالان لە دیدارەکەدا داوای لە شاندی دەم پارتی کردبوو هەڵوێستەکانی بگەیەندرێتە سەرجەم لایەنەکان و جەختیشی لە گرنگیی بەشداریکردنی پەرلەمان و ئۆپۆزسیۆن لە پرۆسەی ئاشتیدا کردبوو.