ئەندامێکی پەرلەمانی کوردستان ڕەخنە لە وەزارەتی دارایی دەگرێت بەوەی داتاکان بە “گریمانەیی و گۆترە” بڵاودەکاتەوە لە کاتێکدا کە دارایی وەزارەتێکی هەستیارە و دەبیت ورد بێت و ژمارە داراییەکان وەک خۆیان بڵاوبکاتەوە.
کاوە عەلی، ئەندامی فراکسیۆنی یەکگرتوو لە پەرلەمانی کوردستان ڕەخنە لەو داتایانە دەگرێت کە وەزارەتی دارایی هەرێمی کوردستان بۆ بەغدادی ڕەوانە کردووە و ڕایگەیاند، لە نێوان وەزارەتی دارایی هەرێم و عێراق ١٤٨ ملیار و ٦٧٩ ملیۆن و ٣٩٩ هەزار دینار جیاوازی هەیە لە بڕی پارەی تەمویلکراودا.
ڕوونیشیکردەوە کە وەزارەتی دارایی هەرێم دەڵێت عێراق، ١٠ ترلیۆن و ٧٥٢ ملیار و ٥٨٢ ملیۆن و ٥٥٨ هەزار و ٤٨٠ دیناری ناردووە، بەڵام وەزارەتی دارایی عێراق دەڵێت، ١٠ ترلیۆن و ٩٠١ ملیار و ٢٦١ ،لیۆن و ٩٥٧ هەزار و ٨٧٥ دیناری بۆ هەرێمی کوردستان ڕەوانە کردووە.
پەرلەمانتارەکە دەڵێت، “وەزارەتی دارایی نابێت خەمڵاندن بکات بۆ ژمارە، پێویستە ورد ئەوەی بەدەستی گەیشتووە یان ناردویەتی بڵاوبکاتەوە. گریمان وەزارەتی دارایی هەرێم لە داهاتی ناوخۆ سەری لێ تێکچووە چەند داهاتی هەیە لە نەوت کە نایزانێت! یان ناهێڵن بیزانێت! لەداهاتی هاتوچۆ ڕوون نییە! لە کارەبا بەشێکی بێ ئاگایە!، لە مەرزەکان قاچاخی و بەرپرسانی حیزبی و حکومی سەریان لێ تێکداوە! هەروەها خەرجی ناتوانێت و رێگەی پێنادەن کە بزانێت چۆن خەرج کراوە و ڕێنمایی تەنها بۆ فەرمانگەکانی خوارەوەیە! ، بەڵام ئەوەی لە بەغدادەوە هاتووە وەریگرتووە هەمووی دیارە و چەند ژمارەیەکە کە تەمویل کراوە و وەرگیراوە زۆر ئاسانە وەڵامی بەغداد بداتەوە بە دانانی هەموو ژمارەکان وەک خۆی و نووسراوەکان لە خشتەیەک بۆ هەر مانگێک و کۆی گشتی هەمووی”.
کاوە عەلی ڕاشیگەیاند، دەبێت وەزارەتی دارایی زۆر ورد بێت و بە گۆترە و نزیکەیی قسە نەکات و لە ڕونکردنەوەکەی پێشوویان هەمووی نزیکەیی بوو ٩٦٠ ملیار بۆ مووچە پێویستە، بۆ سێ مانگی ١٠، ١١، ١٢ پێویستمان بە نزیکەی سێ ترلیۆن دینار هەیە! شەست ملیار بۆ ئەوەیان، ٢٠ ملیار بۆ ئەوی تر، ١٦٠ ملیار بۆ ئەمە ! ئەم گۆترەکارییە نابێت لە وەزارەتێکی هەستیاری وەک داراییدا هەبێت.