پەرلەمانتارێکی کورد دەڵێت بەغداد پارەی تەواوی بۆ مووچەی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان ناردووە، بەڵام حکومەتی هەرێم 148 ملیار دیناری ون کردووە و ئامادەش نییە ئەو داهاتەی کە شەش مانگە نەیداوە بە بەغداد، بۆ مووچە بەکاریبهێنێت.
سۆران عومەر، ئەندامی لیژنەی ئابووری ئەنجومەنی نوێنەران ڕایگەیاند، بەغداد پارەی تەواوی بۆ مووچەی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان ناردووە.
وتیشی: “ئەوەی حکومەتی هەرێم ناوی ناوە “کورتهێنانی مووچە”، بڕینی ئەو داهاتەیە کە شەش مانگە نەیناردووەتەوە بۆ بەغداد، بۆیە پارەکە لای حکومەتی هەرێمە و دەبێت لە داهاتی ناوخۆ بیدات، چونکە کە پارەی داهاتەکەی نەناردووەتەوە بۆ بەغدا دەبێت بیدات بە مووچە.
سۆران عومەر پێیوایە حکومەتی هەرێم” نیازی وایە هەر پارەیەک بۆ مووچەی مانگی 12ش بێت، بیخاتە بری ئەو کورتهێنانەی کە مانگی 10 و 11ی پێ پڕکردووەتەوە و حکومەتی هەرێم نیازی نییە کورتهێنانی مووچەی مانگی 12 لە داهاتی ناوخۆ پڕبکاتەوە”.
ئەوەشی خستەڕوو کە “عێراق دەڵێت بڕی 10 ترلیۆن و 901 ملیار دینارم بۆ هەرێم ناردووە، هەرمیش دەڵێت 10 ترلیۆن و 752 ملیارمان بۆ هاتووە و لەم نێوەندەدا 148 ملیاری ون کردووە.. ئەمەش پێمان دەڵێت هیچ ژمارەیەکی هەرێمی کوردستان تەواو نییە”.
سۆران عومەر ڕاشیگەیاند بە هەمان کێشەکانی 2024ەوە هاتووینەتە ساڵی نوێوە و هیچکام لە کێشەکانی لیست و داهات چارەسەر نەکراون.