لە 7ی ئەم مانگەدا تەمەنی یاسایی كۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەكانی عێراق كۆتایی دێت و تا ئێستاش پەرلەمان چارەنووسی ئەو كۆمسیۆنەی یەكلایی نەكردۆتەوە لەكاتێكدا بڕیارە كۆتایی ئەمساڵدا هەڵبژاردنی نوێ ئەنجام بدرێت و پەرلەمانتارێكیش دەڵێت: تەنها ئەنجوومەنی دادوەری دەتوانێت داوای درێژكردنەوەی تەمەنی بكات.
غەریب ئەحمەد، ئەندامی پەرلەمانی عێراق بۆ (خەڵك) ڕایگەیاند، بڕیاربوو ئەمڕۆ دانیشتنی پەرلەمانی عێڕاق ئەنجام بدرێت سەبارەت بە دەنگدان بە درێژكردنەوەی تەمەنی كۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژادەكانی عێراق، كە كۆتا وادەی تەمەنی یاسایی ئەم كۆمسیۆنە ٧ی ئەم مانگەیە.
ڕاشیگەیاند، لەبەر تەواونەبوونی ڕێژەی یاسایی ئامادەیی پەرلەمانتاران (نصاب، دانیشتنی یاسایی پەرلەمان ئەنجام نەدرا.
ئاماژەی بەوەشكرد، مادام نەتوانرا لە پەرلەمان تەمەنی یاسایی كۆمسیون درێژبكرێتەوە، تاكە ڕێگا بۆ ئەوەی بتوانرێ كۆمسیون بخرێتەوە سەر ڕێگای كارگێڕیی و یاسایی و بتوانێ بۆ زیاتر لە ساڵێك ئەركی ئیداری و هەڵبژاردنی عێراق بكات تەنها دەسەڵاتێك مابێت بۆ درێژكردنەوەی تەمەنی كۆمسیۆن، ئەنجومەنی دادوەریی عێراقە.
وتیشی، “ئەنجوومەنی دادوەری دەتوانێت داوا لە سەرۆك وەزیرانی عێراق بكات تەمەنی یاسایی ئەم كۆمسیۆنە درێژبكاتەوە.