لە وەرزی پاییز و سەرەتای وەرزی زستاندا، كە هێشتا مانگێكی تێنەپەڕیوە لە هەندێك ناوچە بارانی پێویست نەباریوە و پەڵەی نەداوە، كە ئەمەش كاریگەری لەسەر چاندنی تۆو لەلایەن جوتیارانەوە هەیە، بە وتەی وەزارەتی كشتوكاڵی هەرێم ئەگەری “وشكەساڵی” هەیە لە هەندێك ناوچە، بەلام شارەزایەكی كەشناسی دەڵێت: لە نێوان ناوەڕاستی مانگ تاکۆتایی مانگ ئەگەری هاتنەوەی سیستەمی تەڕ و باراناوی و باش هەیە.
هیوا عەلی، وتەبێژی وەزارەتی کشتوکاڵی هەرێمی کوردستان ڕایگەیاند، “دواکەوتنی وەرزی بارانبارین و گۆڕانکارییەکانی کەشوهەوا لە ئەمساڵدا، کاریگەری بەرچاوی دەبێت لەسەر بەرهەمە کشتوکاڵییەکان، بەتایبەت دواکەوتنی دیاردەی پەڵە لە دەشتی هەولێر، پارێزگای دهۆک و چەند ناوچەیەکی دیکە، کە بووەتە هۆی دواکەوتنی وەرزی چاندن”.
وتیشی، “ئەگەر تاوەکو ناوەڕاستی ئەم مانگە باران نەبارێت، ئەوا بەروبوومی دانەوێڵەی ئەمساڵ زیانی پێدەگات و کاریگەری وشکەساڵیمان لەسەر دەردەکەوێت”.
لای خۆشیەوە، شاڵاو هیدایەت، شارەزای كەشناسی بۆ (خەڵك) ڕایگەیاند، پێشبینی دەکرێت له کاتەکانی درەنگانی ئەمشەوەوە به تایبەت سبەی شەو شەپۆلێکی لاوازی باران و بەفر بارین ڕوو بکاتە ناوچەکە و چەقەکەی دەکەوێتە 6 ی مانگەوە و زۆرترین کاریگەری ئەم شەپۆلە لەسەر سنوری بادینان و هەولێر و دواتر ئیدارەی ڕاپەرین دەبێت و بارانەکە به گشتی باش نیه و ڕێژەکەی کەمه.
ڕاشیگەیاند، کاریگەری سەره کی ئەم شەپۆلە دەریای ڕەشە و دواتر زۆر کەم دەریای سوور و لەبەرزی 1200 مەترە و بۆ سەرەوە ئەگەری بارینی بەفرێکی کەم هەیە.
ئاماژەی بەوەشكرد، پلەکانی گەرما لەناوەڕاستی هەفتە و بەولاوە دێنەوە سەرووی نۆڕماڵ تا ناوەڕاستی مانگ 3 تا 6 پلە بەرزدەبنەوە و خێرایی با لەسەرخۆ دەبێت و شەپۆلێکی تری دابارینی لاواز بۆ مەودای 11 بۆ 12 ی مانگ لەئارادایه، بەڵام جێگیر نیه.
شاڵاو هیدایەت وتیشی، “جارێ کەش وشکە و شەپۆلەکان هەشبن لاوازن و دابارینیان کەم پێوەیە لە نێوان ناوەڕاستی مانگ تاکۆتایی مانگ ئەگەری هاتنەوەی سیستەمی تەڕ و باراناوی و باش هەیە”.