لە چەند هەفتەی ڕابردوودا لە سەرجەم شار و شارۆچكەكانی عێراق و هەرێمی كوردستان زیادبوونی بەرچاوی ژمارەی تووشبووان بە پەتا بەخۆیەوە بینیوە، کە نیشانەکانی کۆئەندامی هەناسەدانیان لە سووکەوە دەستپێدەکات بۆ توند و سەرجەم نیشانەكانیشی لەگەڵ ڤایرۆسی كۆرۆنا هاوشێوەیە.
ئەم نیشانانە بریتین لە (کۆکە، تا، قورگ ئێشە، هەناسە تەنگی)، ئەمەش وایکردووە زۆرێک لە هاووڵاتیان بپرسن: ئایا ڕووبەڕووی شەپۆلێکی نوێی گۆڕاوی کۆرۆنا بووینەوە، یان تەنها ئەنفلۆنزایەکی وەرزی سەختە؟
وەزارەتی تەندروستی عێراق چەند ڕوونکردنەوەیەكی لەبارەی دۆخی تەندروستی ئێستا بڵاوکردۆتەوە و ڕایگەیاندووە “عێراق وەک وڵاتانی دیکەی جیهان بەر شەپۆلێکی تووشبووانی وەرزی دەکەوێت، کە بریتین لە ئەنفلۆنزای وەرزی و هەروەها تووشبوون بە جۆرە نوێیەکانی ڤایرۆسی کۆرۆنا”.
وەزارەتەکە ئاماژە بەوە دەکات “ئەنفلۆنزای وەرزی لەم کاتەی ساڵدا ئاساییە، بەتایبەتی لەگەڵ دابەزینی پلەکانی گەرما و گۆڕانی کەشوهەوا”.
ئەنفلۆنزای وەرزی هۆکارێکی سەرەکییە بۆ دەرکەوتنی نیشانە باوەکانی کۆئەندامی هەناسە، کە دەکرێت لە گرووپە مەترسیدارەکانی وەک کەسانی بەساڵاچوو و ئەوانەی نەخۆشی درێژخایەنیان هەیە و ژنانی دووگیان توندتر بێت.
ئەوەشی پشتڕاستکردەوە کە “جیهان شایەتحاڵی دەرکەوتنی جۆرە نوێیەکانی ڤایرۆسی کۆرۆنایە، لەوانە جۆرەکانی (ئیریس) و (پێرولا)، کە کەمتر مەترسیدارن بە بەراورد بە شەپۆلەکانی پێشوو، بەڵام ڕەنگە توانای بڵاوبوونەوەی زیاتریان هەبێت”.
نیشانەكانی پەتاكە و كۆرۆنا هاوشێوەن
بەگوێرەی ڕاپۆرتە پزیشکییە ناوخۆییەکان، زیادبوونی بەرچاوی هەوکردنی کۆئەندامی هەناسەدان هەیە، بەو پێیەی نەخۆشخانە و بنکە تەندروستییەکان شاهیدی زیادبوونی ژمارەی ئەو نەخۆشانەن، کە بەدەست نیشانەکانی هاوشێوەی ئەنفلۆنزا و کۆرۆناوە دەناڵێنن.
ئەستەمە بتوانرێت جیاوازی لە نێوان ئەنفلۆنزای وەرزی و ڤایرۆسی کۆرۆنای گۆڕاودا بکرێت تەنها لەسەر بنەمای نیشانەکانی، ئەمەش وا دەکات پشکنینی تاقیگەیی پێویست بێت بۆ دیاریکردنی هۆکارەکەی.
بەپێی هەواڵی میدیا عێراقییەكان، زۆربوونی حاڵەتەكانی تووشبوون بە پەتا دڵەڕاوکێی لای هاووڵاتیان زیاتر کردووە بەهۆی ئەزموونەکانی پێشوویان لەگەڵ پەتای کۆرۆنا، چونکە ترسیان هەیە لە دووبارەبوونەوەی داخستنی یان نەبوونی خزمەتگوزاریی پزیشکی.
وەزارەتی تەندروستی هەڵمەتەکانی هۆشیاری لەسەر خۆپاراستن لە نەخۆشییەکانی کۆئەندامی هەناسە چڕدەکاتەوە، جەخت لەسەر گرنگی دەستشۆردن و بەستنی دەمامک لە شوێنە قەرەباڵغەکان و کوتان دەکاتەوە.
وەزارەتی تەندروستی، “بەردەستبوونی ڤاکسینی دژە ئەنفلۆنزای وەرزی و جۆرە نوێیەکانی ڤایرۆسی کۆرۆنای” پشتڕاستکردەوە، هەروەها داوای لە هاووڵاتیان کرد، بەتایبەت گروپە لاوازەکان، کوتان بکەن.
چاودێران جەختیان لەسەر پێویستی “تەیارکردنی نەخۆشخانەکان و دابینکردنی دەرمانی پێویست بۆ چارەسەرکردنی حاڵەتە مەترسیدارەکان” کردەوە.
ڕێكارەكانی خۆپاراستن:
– کوتان: کوتانی بەردەست لە دژی ئەنفلۆنزا و کۆرۆنا وەربگرە.
– شێوازی ژیانی تەندروست پەیڕەو بکە: خۆراکی هاوسەنگ بخۆ و بڕێکی پێویست ئاو بخۆرەوە.
– دوورکەوتنەوە لە کۆبوونەوەی گەورە: بۆ کەمکردنەوەی ئەگەری گواستنەوەی تووشبوون.
– پابەندبوون بە پاکوخاوێنی کەسی: دەستشۆردنی بەردەوام و تەعقیمکردنی ڕووکارەکان.
ژمارەیەک پزیشکی عێراقی پێیان وایە، “ئەوەی لە ئێستادا هاووڵاتیان پێیدا تێدەپەڕن، تێکەڵکردنی ئەنفلۆنزای وەرزییە و شەپۆلێکی نوێی ڤایرۆسی کۆرۆنای گۆڕاوە، بەڵام پابەندبوون بە ڕێکارەکانی خۆپارێزی بە پێویستی دەمێنێتەوە بۆ کەمکردنەوەی بارگرانی لەسەر سیستەمی تەندروستی و پاراستنی ئەو گرووپانەی زۆرترین زیانیان بەرکەوتووە .
تەندروستی بوونی گۆڕاوی كۆرۆنا ڕەتدەكاتەوە
ریاز عەبدولئەمیر حلێفی، بەڕێوەبەری گشتی تەندروستی لە وەزارەتی تەندروستی عێراق بۆ ئاژانسی هەواڵی (العراقیە) ڕایگەیاند، هەندێک لێدوان هەیە، کە لە کەناڵە تەلەفزیۆنییەکان لە هەندێک کەسایەتی لە دەرەوەی عێراق وەرگیراوە، سەبارەت بە بوونی گۆڕاوێکی نوێ لە ڤایرۆسی کۆرۆنا، كە وتوویانە، پێویستە ڕێوشوێنی خۆپارێزی بگیرێتەبەر.
ڕاشیگەیاند، “لە ڕێگەی پشکنینەکان بە ئامێری مۆدێرن، کە لە تاقیگەی تەندروستی ناوەندی بەردەستە، پشتڕاست نەکراینەوە بە بوونی گۆڕاوێکی نوێی ڤایرۆسی کۆرۆنا، بەڵکو تەنها دوایین گۆڕاو “ئۆمیکرۆن” کە ساڵانێک لەمەوبەر دەرکەوتووە و تووشبوونەکانی سووکن و مەترسییان نییە”.