بەڕێوەبەری گشتی بازرگانی و پیشەسازی هەرێمی كوردستان ڕایدەگەیەنێت، پسووڵەی خۆراك دەبێتە ئەلیكترۆنی و لەڕێگەی ئەپلیکەیشنەوە هاووڵاتییان دەتوانن بەشەخۆراکی مانگانە وەربگرن.
نەوزاد شێخ كامیل، بەڕێوەبەری گشتی بازرگانی و پیشەسازی هەرێمی كوردستان لە كۆنفڕانسێكی ڕۆژنامەوانیدا ڕایگەیاند، دابەشكردنی بەشەخۆراكی هاووڵاتییان لە رێگەی بریكارەكانی خۆراكەوە بەردەوامی هەیە.
ڕوونیشی كردەوە، بۆ هەر هاووڵاتییەك بەشەخۆراكی مانگانە بەم جۆرەیە: نیو كیلۆ ماش، 1 كیلۆ شەكر، 3 كیلۆ برنج، 1 لیتر زەیت، 400 گرام دۆشاو، نیو كیلۆ نیسك، نیو كیلۆ لەتكەنۆك.
ئاشكراشی كرد، پسووڵەی خۆراك بە دیجیتاڵی دەكرێت و لیژنەیەكی بەڕێوەبەرایەتی گشتی بازرگانی عێراق دێتە هەرێم و هەولێر وەكو نموونە وەردەگرن و لەمساڵی تازەیەوە دەستپێدەكەین، كە هەموو ئەو پسووڵە خۆراكانەی هەیە دەبنە ئەلیكترۆنی.
وتیشی، “هاووڵاتیان و بریكارەكانی خۆراك ئەپڵیكەیشنێكیان بۆ دادەبەزێت و بەپێی ئەو ئەپڵیكەیشنە هاووڵاتی دەزانێت چی بەشەخۆراك بۆ هاتووە و ئەگەر هاووڵاتییەكە ئۆكەی لەسەر هەر بەشەخۆراكێك نەكردبێت لەكاتی وەرگرتنیدا ئەوە لای بریكارەكە دەمێنێتەوە و لەسەر بریكارەكە حسابە”.
ڕوونیشی كردەوە، لەڕێگەی ئەو ئەپڵیكەیشنەوە دەتوانرێت منداڵی تازە لەدایكبوو لەلایەن كەسوكارییەوە داخڵ بكرێت لەڕێگەی ناردنی كارتی نیشتمانییەكەیەوە و هەروەها ئەگەر كەسێكیش بمرێت بەهەمان شێوە لەڕێگەی ئەپڵیكەیشنەكەوە دەتوانرێت بسڕدرێتەوە.