دوای كۆتایی هاتنی مەترسییەكان كۆرۆنا و هەڵمەتی لێدانی ڤاكسین و ئاسایی بوونەوەی ژیان و دۆخی ئابووری جیهانی، ئەمە بۆ یەكەمین جارە نرخی ئاڵتون بگاتەوە ئەو ئاستە پێوانەییە.
دانا وەتری، خاوەنی زێڕنگەری ئازوورا لە هەولێر بۆ (خەڵك) ڕایگەیاند، نرخی زێڕ لە بۆرسەی جیهانی ڕووی لە بەرزبوونەوە كردووە و بەهۆی كەمبوونەوەی ئاستی هەڵئاوسانی ئابووری لە ئەمریكا و زیاد نەكردنی ڕێژەی سوودی بانكی ئەو نرخە زیاتریش بەردەبێتەوە.
ڕاشیگەیاند، ئەمڕۆ نرخی یەك ئۆنسەی زێڕ گەیشتە ١٩٢٠ دۆلار و ئەوەش پێوانەیەكی مێژووییە لە نرخی زێڕ.
ئاماژەی بەوەشكرد، لە ئێستادا، كە نرخی دۆلاریش بەرزە و ١٠٠ دۆلار نزیكەی ١٥٨ هەزار دنیارە، بۆیە لەكاتی شكانەوەی نرخی زێڕ بەدۆلار بۆ دینار، نرخەكەی زیاتر دەبێت.
ئاشكراشی كرد، نرخی یەك مسقاڵ زێڕی عەیار ٢٤ بووە بە ٤٨٧ هەزار دینار و عەیاری ٢١ بە ٤٢٧ هەزار دینارە و عەیاری ١٨ بە ٣٦٧ هەزار دینارە.
لەگەڵ سەرهەڵدانی پەتای كۆرۆنا لە جیهاندا و وەستانی ئابووری جیهانی، نرخی زێڕ بەشێوەیەكی بەرچاو بەرزبووەوە و نرخی یەك ئۆنسە گەیشتە نزیكەی ٢ هەزار دۆلار، بەڵام دواتر بەهۆی دۆزینەوەی ڤاكسین و ئاسایی كردنەوەی دۆخی ژیان و كرانەوەی وڵاتان بەڕووی یەكتردا نرخەكەی دابەزییەوە و گەیشتەوە نزیكەی ١٧٠٠ دۆلار.