وتەبێژی یەکێتی خانەنشینانی هەرێم وادەی هاوتاکردنی مووچەی سەرجەم خانەنشینان ئاشکرادەکات و دەڵێت” لە مانگی یەکی ئەمساڵ مووچەکانیان هاوتا دەکرێت”.
سادق عوسمان، وتەبێژی یەکێتی خانەنشینانی ھەرێمی کوردستان، بە ماڵپەڕی پارتی ڕاگەیاندووە، ئەو لیژنەیەی لەنێوان هەرێم و بوغدا پێکهێنراوە بۆ هاوتاکردنی تەمەنی خانەنشینی، هێشتا نەگەیشتوونەتە ڕیککەوتنی کۆتایی لەسەر تەمەنی خانەنشینی، چونکە جیاوازی تەمەنی خانەنشینی لەنێوان هەرێم و بەغدا زۆرە.
ئاماژەی بەوەشدا، لەئێستادا لەهەرێم داوا لە ھەموو بەڕێوبەرایەتییەکانی خانەنشینی کراوە فایل بۆسەرجەم ئەو فەرمانبەرانە بکەنەوە کە تەمەنیان بۆتە 60 ساڵ، چونکە تەمەنی خانەنشینی لە بەغدا 60 ساڵە.
جەختیشیکردەوە، ئەوانەی دوای 2014 خانەنشین بوون مووچەیان ھاوتا کراوە، و بڕیارە لە مانگی یەکی ئەمساڵ مووچەی ئەوانیتریش هاوتابکرێن کە ماون، بۆیە ئەوانەی مووچەیان لە 500ھەزار کەمتر بوو، کۆن و نوێ، هەموویان مووچەیان بۆتە 500ھەزار دینار، بەڵام ئەوانەی پێش 2014خانەنشین بوون، هێشتا بڕوانامەیان بۆ هەژمار نەکراوە، جگە لەو 100 هەزارەی بژێوییەش کە زیادکراوە، چونکە ئێستا ھەموو خانەنشینێک بەلایەنی کەمەوە 600ھەزار دینار وەردەگرێت.
سادق عوسمان ڕوونیشیکردەوە، دەبێت ڕیککەوتن لەسەر تەمەنی خانەنشینی بکرێت، یان لە عێڕاق بکرێتە 63ساڵ یان لە ھەرێم تەمەنی خانەنشینی بکرێتە 60 ساڵ، ئەگەر بڕیاردرا فەرمانبەر لە 60 ساڵیدا خانەنشین بن، ئەوا گرفت دروستدەکات و دەبێت لە هەرێم لەیەک کاتدا چوار قۆناغی تەمەن خانەنشین بکرێن، ئەوانیش 60 و 61 و 62 و 63ساڵین.
جەختیشیکردەوە، بەو بڕیارە کەسانێکی زۆری خاوەن ئەزموون و بڕوانامە ناچار دەبن خانەنشین بن کە پێویستن، جگە لەوە دەبێ پاداشتی خانەشنینیشان پێ بدرێت، ئەویش دەکاتە پارەیەکی زۆر.