عەبدولواحید محەمەد – مامۆستا
دیارە وڵاتی سووریاش بەر ئەو شەپۆلە بەهێزەی گۆڕانکاریەکان کەوت کە لە بنەڕەتدا خۆی لە پڕۆژەی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستی نوێدا دەبینێتەوە، بینیمان لە چەند وڵاتێک، لە ژێر ناوی پاییزی عەرەبیەوە، وەکو جەزائیر، تونس، میسر، لیبیا، یەمەن و سووریا باهۆزەکە هەڵیکرد و بووە هۆی ڕووخانی بەشێک لە ڕژێمەکانیان، بەشێوەیەک سەرا و بن بوون، تا ئێستا هەندێکیان خۆیان نەگرتووەتەوە، ئەوەی سووریا بەهۆی شوێنی جوگرافی و بەرژەوەندی هەرێمی و دەوڵەتە سەردەستەکان، ململانێکە درێژەی کێشا.
تا سەرەنجام بارودۆخەکە گۆڕانی گەورەی بەسەردا هات، هاوکێشەکە لەبری ئەوەی زوو بە لایەکدا بکەوێت، بە چەند لایەکدا کشا و بووە فرە جەمسەری، یاریکەری زۆر هاتنە نێو گۆڕپانەکە، هەر یەکەو لەسەر پەتێک یاریەکەیان دەکرد، بۆ بەرجەستەکردنی بەرژەوەندییە تایبەتیەکانیان، بێ ئەوەی بیر لە حاڵی بێحاڵی سووریەکان و تەواوی پێکهاتەکان بکەنەوە،ڕژێمەکەی ئەسەدیش، ئەسەد خودی خۆشی کارکتەرێکی ئەوەندە زانا و شارەزا نەبوو، تاوەکو یاریەکی زیرەکانە بکات، بۆ ئەوەی هەم خۆی و هەم گەلی سووریا لەم دۆخە ڕزگاری بێت، لە بری ئەوە یاریان بە ئاگر کرد، تا هەموو لایەکیان لێ بوو بە ئاگر.
سەرەنجام لە نێوان ئاگری بەرداشی بەرژەوەندی نێودەوڵەتی و ئاگری نەزانی ئەسەد، ڕژێمەکە و خۆشی بوونە قوربانی حازری و چوونە نێو کاروانی ئەو ڕژێمانەی لە ناوچون.
ئێستا سووریا لە قۆناغێکی ڕاگوزەر و چارەنووسێکی نادیاردایە، لەبەر دەم تونێلێکیشە ئەو دیوی تەواو تاریکە، چونکە گۆڕانکاریەکە لە گەلەوە سەرچاوەی نەگرتووە، بەڵکو بەسواری ماشێنی وڵاتە بەرژەوەندخوازەکانەوە هاتوونەتە سەرحازر کە خۆیان لە سێ بەرەی جیاوازەوە دەبیننەوە؛
یەکەم، ڕژێمی تورکیا و گروپە وابەستەکانی کە ئامانجی ئاشکرایان لە ناوبردنی بەڕێوەبەرایەتی خۆسەری باکور و ڕۆژهەڵاتی سوریایە دواجاریش کورد لەو وڵاتە، ئامانجە شاراوەکانیشیان خەونی گێرانەوەی هەندێ شار و ناوچەی سەردەمی دەسەڵاتی عوسمانیە.
لە پاڵ ئەوەشدا دەیانەوێت خۆ بکەنە دەمڕاستی موسڵمانانی سونە و بڵێن، ئەوە ئێمەین پێشەواتیتان دەکەین و ڕێگە بۆ ڕزگارکردنی فەڵەستین خۆشدەکەین، ئەگەر چی بە ڕاستیشیان نییە.
دووەمیان، پڕۆژەی ئەمریکا و فەرەنسا و هاوپەیمانی نێودەوڵەتییە، دیارە ئەوانەش بە دیوە ئاشکراکەی باسی دیموکراسیەت و مافی مرۆڤ و پێکهاتەکان و دادپەروەری کۆمەڵایەتی دەکەن، بەڵام دیوە شاراوەکەی ڕاست و ڕەوان پشتیوانییە لە پڕۆژەی ئەستێرەی داودی ئیسرائیل، کە دەیانەوێت بەلای کەم بۆ ئەم قۆناغە هەموو سنوورەکانی ئەو دەوڵەتە ئارام و بێ گرێوگۆڵ بێت، بەڵام بۆ دوور مەوداکەی فراوانکردنی جوگرافیەکەتی تا ئەو شوێنەی لە دەستور و کەلامەکانیاندا هاتووە.
دیارە پڕۆژەی سێیەم، پڕۆژەی دەوڵەتە عەرەبییەکانە کە لە لایەن سعودیە و ئیمارات و بەحرەن و ئوردون و مسڕیش لە پشتیانەوە گەڵاڵەکراوە، کە پێیەوە دەیانەوێت ڕژێمێکی سونی خالس و وابەستەی خۆیان بنیات بنێن، ئامانجیان لەوەدا سڕینەوەی پێگە و نفوزی ڕکابەرەکانیانە.
بەندە بە پێی خوێندنەوەی خۆم، ئەوەی تورکیا هەوڵی بۆ دەدات سەرناگرێت، چونکە پڕۆسەی پاوانخوازی و خەونی گێڕانەوەی موڵک و ئەملاکی عوسمانلیەکان قبوڵکراو نییە، گێچەڵکردنیش بە کورد زەمەنی بەسەردا تێپەڕیوە و پێدەچێت موستەحیلیش بێت.
عەرەبە سونەکانیش هەرگیز ناچنە ژێر باری ئەوەی تورکیا ببێتە ڕدێن سپیان، چونکە دەزانن بەڕاستیان نییە، بەڵکو بۆ سوود وەرگرتنە لە کات، بە دڵنیاییەوە ئەوەی دەوڵەتە عەرەبیەکانیش سەرکەوتوو نابێت، چونکە ئەوان لەنێوان خۆیان کۆمەڵێک لێکدژیان هەیە، هیچیان ئەویتری بە تەواوی قبوڵ نییە، وەک یەمەنیان لێ دێت، بەو حاڵەی خۆیان سعودیە و ئیمارات دەیانویست پێگەیان بەهۆی گروپ گەلی چەکداریەوە لەناو حکومەتەکەیان بەهێز بکەن، کار گەیشتە سەر پێکدادانی سەربازیش، بۆیە لەوەشدا سەرکەوتوونابن چونکە لە بنەڕەتدا وتەیەکی عەرەبی هەیە دەڵێن “اتفقنا علی ان لا نتفق”.
ئەوەی من دەیبینم پڕۆژەکەی ئەمریکا و هاوپەیمانی نێودەڵەتی سەرکەوتوودەبێت، ئەوان مەبەستیانە ئەو دەڤەرە هەستیارە، بۆیە نابێت جارێکیتر بکەوێتە نێوان مەنگەنەی هێزە هەرێمی و نێودەوڵەتییە ڕکابەرەکانیان، دیارە ئەو ئیشەیان لەناکاو نەبووە، بە پێچەوانە ماوەیەکی زۆرە کاری لەسەر دەکەن و ئیماکانیاتی ماددی و مرۆیی لە ڕادەبەدریان بۆ بەخشیوە.
بۆ ئەو ڕاستیە دەکرێت چەند وتەیەکی بەرپرسی وەکالەتی هەواڵگری پێشوی ئەمریکا لە دیدارێکدا بە نمونە بهێنینەوە، دەڵێت “لە عێراق سەربازەکانمان دەکوژران، ئەوان پێمان پێدەکەنین، ئێستا لە سوریا دەبێت ئەوان بکوژرێن ئێمە پێیان پێدەکەنین، دەبێ ئەوەش چاک بزانن ئەوە ئێمە کردمان، بەڵام ڕاست و ڕاست وەناڵێین”، بەوە بۆمان ساغ دەبێتەوە، ئەوەی دەگوزەرێت ئەوان کردوویانە، مەبەستشیان ئەوەیە ئاشتی بۆ ئیسرائیل بەرجەستەبێت، لە هەمان کاتیشدا هاوپەیمانەکانیان لە دەڤەرەکە بخوێندرێنەوە و ڕێز لە خەبات و قوربانیدانیان بگیرێت، کە خۆیان لە هێزەکانی سوریای دیموکرات و کوردستانی ڕۆژئاوا بە هەموو پێکهاتەکانیان دەبیننەوە، بە جێشی نایەڵێن تا هەموو ئامانجەکانیان ساغ نەبێتەوە.