سەرۆکی ئەنجوومەنی نوێنەران ئاشکرای دەکات کە سەرۆکی هەڵبژیردراوی ئەمریکا نامەیەکی بۆ سوودانی کردووە و پیی ڕاگەیاندووە کە دەبێت چەک تەنها لە دەستی دەوڵەتدا بێت نەک گرووپەکان و داواشی لی کردووە عێراق دەست لە کاروباری ناوخۆی سووریادا وەرنەدات.
مەحمود مەشهەدانی، سەرۆکی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق لە میانی چاوپێکەوتنێکدا ڕایگەیاند، دۆناڵد تڕەمپ، سەرۆکی هەڵبژێردراوی ئەمریکا نامەیەکی بۆ محەمەد شیاع سوودانی، سەرۆک وەزیران ناردووە و تێدا جەختیکردووەتەوە کە پێویستە لە عێراق چەک تەنیا لە دەستی دەوڵەتدا بێت.
مەشھەدانی ڕایگەیاند، لە نامەکەی ترەمپدا هاتووە کە “پێویستە چەک لە دەستی دەوڵەتدا بێت نەک گرووپە چەکدارەکان”.
ڕوونیشیکردەوە کە “گرووپە چەکدارەکان ھێرشەکانیان بۆ سەر ھێزەکانی ئەمریکا وەستاندووە و بەم نزیکانەش بوونی ھێزەکانی ئەمریکا لە عێراق ڕێکدەخرێت”.
ڕۆژی ٢٦ی کانوونی یەکەمی ٢٠٢٤، شاندێکی عێراقی بە حەمید شەتری، سەرۆکایەتی سەرۆکی دەزگای ھەواڵگریی سەردانی دیمەشقی کرد و لەگەڵ ئەحمەد شەرع، سەرۆکی دەسەڵاتی نوێی سووریا کۆبووەوە و لەبارەی سەردانەکەشەوە مەحمود مەشھەدانی جەختی لەوە کردەوە کە سەردانەکە ئەرێنی بووە.
ھاوکات لەبارەی ھەڵوێستی ئێران دەربارەی دۆخی سووریا، سەرۆکی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق دەڵێت: “ئێران نیگەران و ناڕازییە لەو دۆخەی کە لە سووریا ڕوویدا”.
بەپێی ئەو زانیارییەی کە لە میدیاکانی عێراق بڵاوکراونەتەوە، ترەمپ لە نامەکەیدا بۆ سوودانی جەختی لەوە کردووەتەوە کە عێراق دەستوەردان لە دۆخی سووریادا نەکات و بە پێویستیشیزانیەوە عێراق پاڵپشتی لە حکومەتی نوێی سووریا بکات.
بڕیارە کۆتایی ئەم ھەفتەیە، سەرۆکوەزیرانی عێراق محەمەد شیاع سوودانی سەردانی ئێران بکات و لەسەر چەند تەوەرێک گفتوگۆ بکات کە دیارترینیان دۆخی سووریایە.