بەپێی نووسراوێکی کۆمسیۆن باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراق کە لەرێی سەرچاوەیەکەوە گەیشتووەتە دەست “خەڵک”، دانا ئەحمەد مەجید تەنیا ڕێگەپێدراو (مخول)ـە بەشێوەی کاتی بۆ بەڕێوەبەردنی بزوتنەوەی گۆڕان، نەک رێکخەری گشتی.
وەک لە نووسراوەکەدا هاتووە؛ عومەری سەید عەلی تائێستا رێکخەری گشتییە و ئەندامانی خانەی راپەڕاندنیش دەسەڵاتی تەواویان هەیە.
بڕیارە رۆژی یەکشەممە 5ی 1ی 2025، وتەبێژی جڤاتی نیشتمانی بزوتنەوەی گۆڕان کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانی پەیوەست بەم بابەتە ساز بکات.
ئەمە لەکاتێکدایە، کە ڕۆژی 19-9-2024، عومەر سەید عەلی لە فەرمانگەی دادنووسی سلێمانی /2، بریكارنامەیەكی گشتیی بۆ دانا ئەحمەد مەجید كردووە و تیایدا بە وردی ئاماژە دراوە بە ئەوەی كە ڕەزامەندە لەسەر ئەوەی لەمەودوا دانا ئەحمەد مەجید هەموو دەسەڵاتەكانی پێشووتری ئەوی وەک ڕێكخەری گشتیی بزوتنەوەی گۆڕان پێبدرێت.
پێشتریش لەنوسراوێکدا، کە فەرمانگەى کاروبارى پارت و رێکخراوە سیاسییەکانى سەر بەکۆمیسیۆنى باڵاى سەربەخۆى هەڵبژاردنەکانى عێراق لە 30ـی کانوونى یەکەم بۆ بزووتنەوەى گۆڕانى ناردبوو، ئاماژەى بەوەداوە، بەهۆى ئەوەى لە دواى تۆمارکردنى پارتەکەیانەوە لەو فەرمانگەیە، کۆنگرەى گشتییان نەکردووە، داوایان لێدەکات کۆنگرەیی بزوتنەوەکەیان بە گوێرەى ماوەى یاسایى ببەستن.